کەجەکە: هەنگاوەکەی بەغدا هەڵەیە و بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور هەڵدەگرین

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەمڕۆ هەینی راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەنگاوەکەی بەغدا هەڵەیە و دەبێتە هۆی سنووردارکردنی لایەنە بنەڕەتییەکانی ژیان و دەستوەردانی راستەوخۆ لە فیدراسیۆنی باشووری کوردستان، هاوکات جەختیشی کردەوە کە تەڤگەری ئازادی بە بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور هەڵدەستێت.

کەجەکە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، حکومەتی عێراق هەنگاوێکی هەڵەی ناوە و لە رووی یەکێتیی دیموکراسی و سەقامگیرییەوە دەتوانێت کێشەی جیدی بۆ تەواوی عێراق و کورد بهێنێت، بۆیە داوای کردووە بە خێرایی دەست لەم هەنگاوە هەڵبگرێت و بەو عەقڵییەتە بجووڵێتەوە کە یەکێتیی دیموکراسیی عێراق بەهێز دەکات.

دەشڵێت، بڕیارەکانی حکومەتی بەغدا بەو واتایە دێت تەواوی سەرچاوە ئابوورییەکانی فیدراسیۆنی باشووری کوردستان رادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێن، لە کاتێکدا بێبەشکردنی کۆمەڵگە و سیستمێکی سیاسی لە سەرچاوە داراییەکان، دەبێتە هۆی کۆتکردنی لە رووی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، کەجەکە پێی وایە عێراق بۆ بەهێزکردنی ناوەندیبوون دەیەوێت مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات.


هاوکات داوای یەکڕیزیی لە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاند، کورد لە قۆناخی وەهادا دەبێت لە ناو یەکێتیدا بجووڵێتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی، و داوای لە عێراقیش کردووە دەست لە هەنگاوە هەژموونگەرا و ناوەندگەراکان هەڵبگرێت.

کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فیدراسیۆنی کورد لە باشوور لە ئەنجامی تێکۆشانی گەلی باشوور و تەواوی گەلی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و تێکۆشانی 54ساڵەی ئەوانیش پشکێکی گەورەی لە بنیاتنانیدا هەیە، بۆیە تەواوی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەکەن.

ئەم کاردانەوەیەی کەجەکە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە رێگەی گوتەبێژە سەربازییەکەیەوە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لەنێویاندا کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەکانیش لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و حکومەتی هەرێمەوە دژی بڕیارەکان تا تێستا بەردەوامن.


PM:05:19:27/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو