ئەگەری دەرکەوتنی ڕاستەوخۆی ئۆجەلان؛ هەنگاوێک بۆ پەلەکردن لە پڕۆسەی ئاشتی
وێستگەنیوز-
نێچیرڤان کەمال
بڕیارە
لەرۆژانی داهاتوو، عەبدوڵا ئۆجەلان، بەشێوەی راستەوخۆ وتارێك پێشكەش بكات و داوا
لە چەكدارانی پەكەكە بكات، لە قەندیلەوە بێنە خوارەوە و لەمەبەدوا لە
توركیا بژین.
ئاژانسی (T24)ی
توركی بڵاویكردووەتەوە، لە 27ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەتوركیا ئەنجام
دەدرێت و لەو كۆبوونەوەیە بریار دەدرێت ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ قسە بكات و داوا
لە چەكدارانی پەكەكە بكات چەكەكانیان دابنێن و بگەڕێنەوە ناو توركیا.
جگە لە قەندیل
داوا لەو كەسایەتییە سیاسییانەش دەكات كە پێشتر پەكەكە بوون و لە دەرەوەی توركیان
بگەڕێنەوە بۆ توركیا، بەگوێرەی ئەو لێبوردنە گشتییەی لەپڕۆژەیاسای چەكدانانی
پەكەكەدا دەنگی لەسەر دراوە، واتە ئەوانەی دوای 2005 لەبەر پەكەكە بوون توركیایان بەجێهێشتووە
لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە و بەر لەو بەروارە نایانگرێتەوە.
وەكوو ئەوەی
ئاژانسەکە بڵاویكردووەتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی توركیا، لە 27ی ئەم
مانگەدا بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆ دەبنەوە و
لەوێدا راپۆرتێكی گرنگ و گشتگیر لەبارەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە دەخوێندرێتەوە و
هەر لەو راپۆرتەدا داوا كراوە رێگە بدرێت ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ داوا لە
چەكدارانی پەكەكە بكات قەندیل چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە ناو توركیا، هەروەها
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیش ئەنجام بدات.
ئەگەر بێت و
ئەردۆغان دەنگ لەسەر ئەو راپۆرتە بدات، لەماوەیەكی زۆر كەمدا ئۆجەلان بەشێوەی
راستەوخۆ دەبینرێت و قسە دەكات، ئەمەش بۆ یەكەمجار دەبێت لە مێژووی توركیا،
ئۆجەلان قسە بكات و میدیای توركیا بە ڕاستەوخۆ بیگوازێتەوە.
بەگوێرەی
شڕۆڤەی بەشێك لە سیاسییەكان، بۆیە داوا كراوە ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ قسە بكات،
چونكە بەشێك لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە پێیانوایە ئۆجەلان بەكاردەهێنرێت و بە
ئیرادەی خۆی نییە داوا لە چەكدارانی پەكەكە دەكات چەك دابنێن.
لەلایەكی
ترەوە، بەسێ هۆزات و موراد قەرەیلان، كە دوو كەسایەتیی گرنگی ناو پەكەكەن، داوایان
لەتوركیا كردووە ئۆجەلان ئازاد بكرێت ئەوكات ئەوان چەك دادەنێن، بەڵام ئەگەر
بەشێوەی راستەوخۆ ئۆجەلان داوایان لێبكات چەك دابنێن، ئەوكات هیچ بەهانەیەكیان
نامێنێتەوە بۆ چەكدانان.
هاوکات بەشێك
لە میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووەتەوە، پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە لەنگەری
تێكەوتووە و بەخاوی بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە نوێترین سەردانی شاندی ئیمیڕاڵی بۆ لای
ئۆجەلان، ناوبراو داوای كردووە پەلە بكرێت لەپڕۆسەی ئاشتی و هەروەها وتویەتی
لەناوەوەی توركیا دەنگێك هەیە ئەو پڕۆسەیە تێك بدات، بەڵام ئەوان قبوڵی ناكەن.
ماوەیەك بەر
لەئێستا، ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵی شوێنەكەی گواسترایەوە بۆ ڤێلایەكی 200مەتری، ئەمەش پەیامێكی توركیا بوو بۆ پەكەكە و دەم پارتی، تا بیسەلمێنێت
گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵگیراوە و ئیتر لەمەودوا دەتوانێت ڕۆژنامەنووسان و
كەسایەتی سیاسی و خانەوادەكەی خۆی ببینێت.
نوعمان
كورتوڵمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، ئاماژەی بەوەکردبوو كە پرۆسەی چەكدانانی
پەكەكە تا كۆتایی ساڵ كۆتایی پێدێت و چیتر شتێك نامێنێت بەناوی چەكداری پەكەكە،
بەڵام دەم پارتی هەڕەشەی ئەوەی دەكرد، كە تاوەكو ئۆجەلان رۆڵی گرنگی پێ نەدرێت و
بۆ خۆی سەرپەرشتیی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە نەكات، ئەنجامی نابێت.
لەلایەكی
ترەوە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا (پارتی نوێ)، لەپڕۆسەی ئاشتی و
چەكدانانی پەكەكە كشایەوە و دەڵێت ئێمە بڕوامان بەو پڕۆسەیە نییە و رەتی
دەكەینەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر شەرعییەتی پڕۆسەكە دەبێت، چونكە پێشریش
ئۆجەلان وتوویەتی، دەبێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش پشتگیری لەو پڕۆسەیە بكەن، نابێت
بەهیچ شێوەیەك ئەوان بخرێنە دەرەوەی ئەو پڕۆسەیە.
PM:05:40:26/11/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت