مەسرور بارزانی: پارتی ‌و یەکێتی ئامادەن بەشداریی کۆبوونەوەکەی بەغدا بکەن

‌

وێستگەنیوز- 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەریەکە لەپارتی ‌و یەکێتی ئامادەییان نیشانداوە، بۆ بەشداریکردن لەکۆبونەوەکەی بەغدا، جەختیشیکردەوە، لایەنە فەرمییەکانی هەرێم وەڵامی یاسایی خۆیان بۆ لێکدانەوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ئامادە دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسروڕ بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تیشکیخستەسەر، دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی‌و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر.

سەبارەت بەهەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی ئەمدواییە لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، "بانگهێشتنامە ئاراستەی هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بۆیە هەم ئێمە (پارتی)و هەم یەکێتیش ئامادەیی خۆمان پیشانداوە کە بەشداریی ئەم کۆبونەوەیە بین".

هیواشیخواست کۆبونەوەکە بگاتە ئەنجامێکی باش کە لەبەرژەوەندیی هەموو وڵاتدابێت‌و لەسەر بنەمای دەستور داکۆکی لەمافەکانی گەلی کوردستان بکەن.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەهەڵوێستی هەولێر بەرامبەر بڕیارەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "ئەوە بۆ لایەنی فەرمی بەجێدەهێڵین کە لەڕووی یاساییەوە وەڵامی خۆیان ئامادەبکەن، بێگومان وەڵامی یاسایی هەیە بەرامبەر بەو شیکردنەوەو لێکدانەوەیەی کە ئەنجامدراوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسی سەرجەم هاوڵاتیان‌ و بەتایبەت گەنجان، بەتەمەنەکان‌ و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کرد کە ئەمڕۆ لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی هەولێردا بەشداربوەن، وتی، "چارەنوسی هەمومان بەیەکەوە بەستراوەتەوە؛ ئەم خۆپیشاندانە پەیامێکی ڕونبوو بۆ هەموو جیهان‌ و حکومەتی فیدراڵیش کە گەنجان‌ و خەڵکی ئێمە بەشێوەیەکی ئاشتییانە داوای ئاشتیی، ئاوەدانی، پێکەوەژیان‌ و دابینکردنی مافە دەستورییەکانی خۆیان دەکەن‌و یەکگرتون لەڕوبەڕوبونەوەی هەر شتێکی نەخوازراو کە دژی مافە دەستورییەکانی گەل‌و خاکەکەمان بێت".

لەکۆتاییشدا، مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی سەرجەم حزب‌ و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کردو داوای لێکردن بەردەوامبن لەیەکڕیزیی‌و هاوهەڵوێستی لەسەر بنەمای پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان.


PM:03:49:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو