یەکێتی و پارتی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی نیشتمانیی عێراق دەکەن
وێستگەنیوز- بابان عومەر
میدیای پارتی رایگەیاندووە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نیشتمانیی عێراق ئامادەکاری دەکەن، کە بڕیارە 1ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
بەپێی هەواڵەکەی میدیای پارتی، ئەو ئامادەکارییە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا بڕیاری لەسەر دراوە، لەو چوارچێوەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ دیاریکردنی ئاستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا، هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەستی بە ئامادەکاری کردووە و تاوتوێی ئەو کەسایەتییانە دەکات کە نوێنەرایەتیی حزبەکەیان دەکەن.
هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، و هەردوو حزب دەیانەوێت بە یەک هەڵوێستەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی 1ی مانگی 12 بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی بەغدا کرد. بە گوێرەی راگەیەندراوێکی راگەیاندنی دادوەریی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ کران و بەشداربووان پێشنیاز و دەستپێشخەرییەکەی زێدانیان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە 1ی کانوونی یەکەمی 2026 پەسەند کرد.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەبەست لەو گفتوگۆیە کە لەژێر سەرپەرشتیی فایەق زێدان و بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە و میوانداریکردنی هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان یان هەر لایەنێکی یارمەتیدەر رێک دەخرێت، دۆزینەوەی چارەسەرە بە گوێرەی دەستوور بۆ قەیرانی دەستووریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا فایەق زێدان پێداگریی لە گرنگیی رێزگرتن لە جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە و دووپاتی کردەوە، لە کاتی هەر جیاوازییەکی بیروڕا لەبارەی واتای حوکمی مادە دەستوورییەکانەوە، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت، کە دەستوور تایبەتمەندیی راڤەکردنی دەقەکانی پێ داوە.
PM:02:01:26/11/2026
ئهم بابهته 756
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت