ئەحمەدی حاجی ڕەشید: شەڕی کورد ئێستا شەڕی یاسا و دەستوورە نەک موزایەدە

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ڕایگەیاند، خەباتی کورد لە دوای دانانی دەستوورەوە چووەتە قۆناغی شەڕی یاسا و شەرحی دەستوورەوە، ئاشکراشی دەکات کە پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای ئیدارەی دارایی و لابردنی ماددەی 29 دەخرێتە بەردەست پەرلەمانتاران.


لە نووسینێکدا بە ناونیشانی "شەڕی کورد لە دوای دانانی دەستوور موزایەدە نییە"، ئەحمەدی حاجی پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، شەڕی کورد لە ئێستادا چووەتە قۆناغێکی تایبەتەوە کە بریتییە لە شەڕی یاسا و شەرحی دەستوور، رەخنەشی لەو کەسانە گرتووە کە بە وتەی خۆی "موزایەدەی پێوە دەکەن و تووشی ئیفلاسی سیاسی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بوون، دڵنیاش بن ئەم شەڕەش دەدۆڕێنن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونی کردووەتەوە، لە ئێستادا لە لیژنەی دارایی پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای ئیدارەی دارایی دەخرێتە بەردەست پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی ماددەی 29ـی یاساکە لابدرێت کە باس لە گەڕاندنەوەی داهاتەکان دەکات بۆ گەنجینەی گشتی و گەورەترین کێشەی بۆ پرسی رادەستکردنی داهاتەکان دروست کردووە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لەم پرسەدا هەرێمی کوردستان و ئەو پارێزگایانەی دەروازەی سنوورییان هەیە، بەتایبەت پارێزگای بەسرە، خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید داوای کردووە لەبری "موزایەدەی بێمانا، دروشمی بێ ناوەڕۆک و بەیاننامەی سەر کاغەزی بێ ئەرزش"، پێکەوە ئەو هەوڵە یاساییە بدرێت و نووسیویەتی: "شەڕ کەسێک دەتوانێت بیکات و بیباتەوە کە بڕوای بەو شەڕە هەبێت، نەک کەسانێک کە دەیکەنە کەسابەت و نانی پێوە دەخۆن."

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە نووسینەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە شەوی رابردوو بۆ ماوەی 3 کاتژمێر گفتوگۆیان لەسەر یاسای ئیدارەی دارایی کردووە لەگەڵ عبێد محل، کە ماوەی 40 ساڵە شارەزای بواری داراییە لە وەزارەتی دارایی عێراق و نووسەری رەشنووسی یاساکەیە، لە کاتێکدا وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە "ئەوانی دیکە خەریکی بادەنۆشینی خۆیان بوون."


PM:12:13:26/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو