شێخ مورشید خەزنەوی: پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، شێخ مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی دیاری ئایینی و نیشتمانیی کورد لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو فشار و هەڕەشانەی ئێستا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە تەنیا ناکۆکییەکی کارگێڕی یان تەکنیکی نین، بەڵکو هێرشی راستەوخۆن بۆ سەر بنەمای بوونی گەلی کورد، جەختیشی کردەوە کە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەهێزترین چەکە بۆ سەرکەوتن.
خەزنەوی لە پەیامەکەیدا هێمای بۆ ئەوە کردووە کە گەلی کورد بە قۆناغێکی مێژوویی هەستیاردا تێدەپەڕێت و جارێکی دیکە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە، کە ئامانج لێی شکاندنی ئیرادە و بێبەشکردنی هەرێمی کوردستانە لە دەستکەوت و مافە یاسایی و دەستوورییەکانی. هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ئەو ماف و دەستکەوتانە وەک دیاری نەبەخشراونەتە کەس، بەڵکو بە خوێنی سەدان هەزار شەهید، فرمێسکی دایکانی جەرگسووتاو و ناڵەی کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە بەدەست هاتوون.
ئەو کەسایەتییە ئایینییە رەتی کردووەتەوە پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستا تەنیا کێشەی ئیداری بن و لەوبارەیەوە وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیدا روودەدات، لە بڕیاری تاکلایەنە و زمانی هێز و لۆژیکی سەربازییەوە، تا دەگاتە هەوڵی خنکاندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و داماڵینی دەسەڵات لەسەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان، تەنیا ناکۆکیی ئیداری یان تەکنیکی نییە وەک هەندێک دەیانەوێت نیشانی بدەن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی ناوەندێتیی ستەمکار و زۆردار".
شێخ مورشید خەزنەوی هەرێمی کوردستانی بە بنەمای شکۆمەندیی هەموو کوردێک لە جیهاندا و پایەی ستراتیژیی دۆزی رەوای کورد ناوبرد و تەنیا بە پارچە زەوییەکی لەقەڵەم نەدا، وتیشی: "دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان، دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو خێزانێکی کورد لە قامیشلۆ، مەهاباد، ئامەد، هەولێر و سلێمانی".
لە تەوەرێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رووی لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان کرد و هۆشداریی لە لێکەوتەکانی ناکۆکیی ناوخۆیی دا و رایگەیاند: "دابەشبوونتان ئێمە لاواز دەکات و پەرتەوازەبوونتان هێزی گەلەکەمان بچووک دەکاتەوە".
لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، خەزنەوی دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی گەلی کورد لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان یەکپارچەیە و بە بیرهێنانەوەی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران ئاماژەی بەوە دا، سیاسەتی پەرتەوازەکردن، گەمارۆ و هەڕەشەی سەربازی نەیانتوانیوە سەر بە گەلی کورد دانەوێنن، وتیشی: "پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکێکە لەسەر هەموو کوردێکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر".
AM:11:22:26/11/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت