بەمنزیکانە پارتی و یەکێتیی لەسەر دۆخی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە
وێستگەنیوز- ئارام
عەلی
سەرچاوەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی
کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، دوای هەڵوێست و راگەیەندراوە
هاوبەشەکەیان بەرامبەر بڕیارەکانی عێراق، بڕیارە بەمنزیکانە کۆبوونەوەی نێوان
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە بچێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، هەرچەندە
تاوەکو ئێستا کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەمنزیکانە
هەردوولا لەبارەی ئەو دۆخەی پاش راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق
بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دروست بووە، کۆدەبنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ
سێشەممە، ئەو دوو حزبە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، راگەیەندراوەکەی
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە
ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی
زۆرن.
لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هەردوو حزب
جەختیان لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان زیاتر لە مافە دەستوورییەکانی داوا
نەکردووە، بەڵام بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافەکانی پێشێل کراون، هەروەها
دووپاتیان کردەوە، پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان هێڵی سوورن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پارتی و یەکێتی
ئاماژەیان بەوە کرد، پێویستە دەستوور ببێتە دادوەر و ناوبژیوان بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، وە هەر بڕیارێک لە دەرەوەی دەستوور پێچەوانەی
یاسایە، جەختیشیان لە دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتن کردەوە و بڕیاری
تاکلایەنەیان بە ناخزمەتکار بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناوبرد.
PM:09:44:25/11/2026
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت