لەنێوان ماددە دەستوورییەکان و بڕیاری فیدراڵیدا؛ کێ مافی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی هەیە؟
وێستگەنیوز- نێچیر کەمال
بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکییە کۆنەکانی نێوان بەغداو هەولێری لەسەر دەسەڵاتو داهاتەکان زیندوکردەوەو پرسیارێکی دەستوریی یەکلاکەرەوەی هێنایە ئاراوە، ئایا بەغدا مافی هەیە بەبڕیارێکی تاکلایەنە دەروازەکان وەربگرێتەوە، یان دەبێت بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم؟
بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچوارچێوەی پاکێجێکی فراوانتردا هات دوای لێکۆڵینەوە لەگومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لەکۆمپانیای نەوتی باکور کە هاوکات هەناردەی نەوت و چەند کێڵگەیەکی ناوچە جێناکۆکەکانیشی گرتەوە، لەبەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، هەولێر دەرگای گفتوگۆی دانەخستوەو دەبێت کێشەکان بهگوێرهى دەستور چارەسەربکرێن.
دەستوور لەنێوان مافی بەغداو دەسەڵاتی هەولێردا
دەستوری عێراق هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندییان بەسنورەکانەوە هەیە لەیەک خانەدا دانانێت، بەڵکو دەسەڵاتەکانی دابەشکردوە، بهشێوهیهك مادەی 110، دەسەڵاتی تایبەتو ڕەها (حەسری) دەداتە حکومەتی فیدراڵ بۆ داڕشتنی سیاسەتی داراییو گومرگی، هەروەها پاراستنی سنورەکانی عێراقیش دەخاتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی سیاسەتی ئەمنیی فیدراڵییەوە.
هاوكات مادەی 114، بەڕێوەبردنی گومرگەکان دەخاتە ناو دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵ و هەرێمەکانداو بەڕوونی دەڵێت، دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان ئەنجامبدرێت.
ههروهها مادەی 115و 121، مادەی 115 جەختدەکاتەوە، لەکاتی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان، ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمو پارێزگاکانە؛ هاوکات مادەی 121 دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانانو دادوەریی دەداتە هەرێم لەو بابەتانەی کە ناکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە ڕەهاکانی حکومەتی فیدراڵییەوە.
بەم پێیە، جەوهەری ناکۆکییەکە لێرەدایە؛ بەغدا پشت بەدەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گومرگی و پاراستنی سنوور دەبەستێت و هەولێریش پشت بەو دەقە دەستورییە دەبەستێت کە بەڕێوەبردنی گومرگ دەکاتە دەسەڵاتێکی هاوبەش و هەماهەنگی دەکاتە مەرج.
سێ بژاردە و سیناریۆی بەردەم بەغدا و هەولێر
لەسایەی ئەم ناکۆکییە دەستوریەدا، سێ سیناریۆ لەبەردەم هەردولادان ئهوانیش، (دانوستان لەسەر ئیدارەی هاوبەش (کەمترین گرژیی) لەم بژاردەیەدا بەغدا ئەرکی یەکخستنی پێناسی گومرگی، سیستمەکانی چاودێریی و بەدواداچونی داهاتەکان دەگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم لەسەر ڕۆڵی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەڕێوەبردنی ڕۆژانەو شێوازی کۆکردنەوەی داهات، ئەم ڕێڕەوە بنەمایەکی کرداریشی هەیە، چونکە لەمانگی حوزەیرانی ڕابردودا هەردولا ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا"و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.
سیناریۆى دوهمیش جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەبێ ڕێککەوتن (تاقیکردنەوەی مەیدانیی) دهبێت، لهمهشدا ئەگەر بەغدا هەوڵبدات فەرمانبەر بنێرێت بۆ وەرگرتنی دەروازەکان کە هەولێر ڕەتیدەکاتەوە، ئەوا قەیرانەکە دەگۆڕێت بۆ ناکۆکییەکی دەستورییو کارگێڕیی قوڵ لەسەرئەوەی کێ بەکردەیی دەروازەکە بەڕێوەدەبات، لەم دۆخەشدا بهگوێرهى مادەی 93ی دەستور، دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەستورو یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەولێری هەیە.
سیناریۆى سێیهمیش بریتى دهبێت لهبەردەوامبوونی دۆخی ئێستا (زیانگەیاندن بەبازرگانیی)، ئەم سیناریۆیە بەمانای مانەوەی ئیدارەی کردەیی دەروازەکان دێت لەدەستی هەرێمدا، لەگەڵ بەردەوامبونی فشارەکانی بەغدا بۆ فراوانکردنی چاودێرییو سەپاندنی ڕێسا گومرگییە فیدراڵییەکان، ئەمەش ناکۆکییەکان بێ چارەسەر درێژدەکاتەوەو ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر جوڵەی بازرگانی دادەنێت، بەتایبەت ئەگەر دوانەیی ڕێکارەکانو جیاوازیی مۆڵەتەکان ببنە هۆی پەکخستنی بارهەڵگرو کاڵاکان.
PM:08:37:25/11/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت