یەکگرتوو و کۆمەڵ داوای گفتوگۆی دەستووری دەکەن و دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ناشەفافیەت تۆمەتبار دەکەن

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی


یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکان و بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، داوای چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و لە رێگەی گفتوگۆی جددی و بەرپرسیارانەوە دەکەن، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە نابێت مووچە و قووتی هاووڵاتیان بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.

هەردوو لایەن پێشوازییان لە رێکخستنی داهاتە سروشتی و سنوورییەکان کرد بە مەرجێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بێت و بە شەفافیەت و دادپەروەری خەرج بکرێت، نەک لە بەرژەوەندیی حزب و گرووپ و کەسانی دەستڕۆیشتوو، هاوکات ئاماژەیان بەوە کرد، داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان موڵکی گەلە.

هەروەها رەخنەیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرت و رایانگەیاند، سەرەڕای هۆشداریی پێشوەختەی دڵسۆزان، لەسەر سیاسەتی تاکڕەوی و ناشەفافیەت بەردەوام بوون و ئەمڕۆ لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە بەسەر هەموواندا دەشکێتەوە.

لە کۆتاییشدا، هەردوو حیزب دووپاتیان کردەوە، عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە و قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی جێگیرە، و رایانگەیاند، لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافەکانی هاووڵاتیان و سەروەریی یاسادا، لە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان بەردەوام دەبن.


PM:08:28:25/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو