ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: زمانی سەربازی و هەڕەشە رەتدەکەینەوە
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر راگەیەندراوەکەی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی، هاوکات جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140 کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە رێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.
بەپێی بڵاوکراوەی فەرمیی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی و لە هەمان کاتدا داوای جێبەجێکردنی تەواوی مافە دەستوورییەکانی دەکات، وەک هەمیشەش ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە. لەو چوارچێوەیەدا ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو راگەیەندراوە دەربڕیوە کە بە ناوی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و بە پێشێلکاریی دەستووری و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان ناوی بردووە.
هەروەها بە ئاماژەیەکی مەترسیداری زانیوە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ رژێمێکی ناوەندی، جەختیشی کردووەتەوە کە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە رەتدەکەنەوە و بە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراو دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم وەسفی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانیی هەر رێکارێک بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و لەو پێناوەشدا هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی، هاوکات داوای کردووە گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەرێم رۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵیی ئێستای عێراقدا هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت، هەرگیزیش دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە بە وتەی ئەنجومەنەکە، تەنها مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی رەوای خەڵکی کوردستانە.
هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا لە رێگەی گفتوگۆ، دانوستان و لەیەکتێگەیشتن لە چوارچێوەی دەستووردا کردووەتەوە و داوای کردووە دەستووری هەمیشەیی عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەو پێیەی هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140 کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە. هەروەها داوای کردووە بەپێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵیی عێراق دروست بکرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت، پێکبهێنرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی خەڵکی کوردستان، لایەن و هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کردووە و داوای لێکردوون بەردەوام بن لە هەڵوێستی نیشتمانی، یەکڕیزی و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی هەرێم، هاوکات داوای لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ کردووە بەردەوام بن لە رۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردووەتەوە کە پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتەبەر کە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم، بنەما دەستوورییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی کوردستان رەفتار بکات و خەڵک بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان هان بدات.
PM:01:04:25/11/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت