بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان: ئۆباڵی هەر پێشهاتێکی نەخوازراو دەخەینە ئەستۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان

‌

وێستگەنیوز- ئارام عەلی

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیارەکانی ئێستا بۆ دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشبینیکراو بوون و پێشتر هۆشدارییان لەبارەوە درابوو، بەڵام ئێستا چوونەتە قۆناغی کرداری و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی خەڵک دروست کردووە.

دەشڵێت، ئەو مەترسییانەی ئەمڕۆ لە شێوازی چەند بڕیارێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان روودەدەن، پێشبینیکراو بوون و پێشتر هۆشدارییان لەبارەوە درابوو، بەڵام دەسەڵاتی کوردی بێباک و خەمسارد بووە لە ئاستیاندا، کە ئێستا چوونەتە قۆناغی کرداری و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی خەڵک دروست کردووە.

داواشی لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووە ئەو مەترسی و هەڕەشانە بەجددی وەربگرن و وەک ئەرکێکی ئایینی، نیشتمانی و ئەخلاقی بە یەکدەنگی، یەکدەستی و یەکگرتوویی لەبەرامبەریان بوەستن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزب و لایەن و گروپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو موڵکی هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستانە بەبێ جیاوازی و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و تێکۆشانی زیندانیانی سیاسی و سەرجەم گەل بەدیهاتووە، بۆیە ئۆباڵی هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو بێباکی و خەمساردییەی هەیانە.


PM:07:59:24/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو