پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان: داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکەین مل بۆ داخوازییەکانی بەغداد نەدات
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
پارتی
سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی
کوردستان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت هەرێم وەک تەواوی
پارێزگاکانی تری عێراق کۆنتڕۆڵ بکات، جەختیشی کردەوە کە بە عەقڵیەتی مەرکەزی
ئیدارەی حکومەتێکی فیدڕاڵی نادرێت.
لە راگەیەندراوێکدا
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، پارتی سۆسیال دیموکرات ئاماژەی
بەوە کرد، نابێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بچێتە ژێر باری داخوازییە
پاوانخوازییەکانی سەرۆک وەزیران و بەغدادەوە، هاوکات داوای لە حکومەتی هەرێمی
کوردستان کرد بە زووترین کات تیمێکی یاسایی شارەزا پێکبهێنێت بۆ رێگریکردن لەو
هەوڵانە لە رێگەی دادگا فیدڕاڵی و نێودەوڵەتییەکانەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا،
پشتی بە دەستووری عێراق و بەتایبەت مادەکانی (111، 112، 114،115 و 121)
بەستووە و دووپاتی کردۆتەوە، ئەو مادانە مافەکانی هەرێمیان دیاری کردووە و
دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندییان سنووردار کردووە، بە جۆرێک بەڕێوەبردنی دۆسیە
فیدڕاڵییەکانی وەک نەوت وزە و گومرگ دەبێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ هەرێمی
کوردستان.
سەبارەت بە دۆخی
ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، ئەو حزبە داوای لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان کردووە واز لە
ململانێ حزبییەکان بهێنن و لەسەر پرسەکان رێکبکەون تا چیتر هەرێم باجی ناکۆکییەکان
نەدات، هەروەها دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای
بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی بە پێویستییەکی هەنووکەیی ناو بردووە.
لە کۆتاییدا پارتی
سۆسیال دیموکرات ئاماژەی بەوە داوە، عەقڵیەتی حوکمڕانی لە بەغداد بە درێژایی مێژوو
دژی مافەکانی کورد بووە و هۆشداریشیداوە لەوەی نابێت بە وتە و بەڵێن و نمایشەکانی
سەرۆک وەزیرانی ئێستا فریو بخورێت.
PM:06:44:24/11/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت