مەسعود بارزانی: هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێک

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەمڕۆ 24ی تشرینی دووەمی 2026، مەسعود بارزانی لە بانگەوازێکدا سەبارەت بە پێشهات و بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ماوەیەکە لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراقیدا جموجۆڵ و هەڵچوونێکی ناسرووشتی لە دژی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، کە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی بنەماکانی فیدڕاڵییەت و دەستووری عێراق و پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کوردستان و خستنەڕووی بڕیار و بیرۆکەی ناتەندروست و سەرکێشانە دەبینێتەوە".


لە پەیامەکەدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بە خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستان لەپێناو مافەکانیدا کردووە و باسی لەو کارەساتانە کردووە کە لەو رێگەیەدا بەسەر گەلی کوردستاندا هێنراون، لە ئەنفال و کیمیابارانەوە تا تێکدانی هەزاران گوند، دەرکردنی زۆرەملێ، گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردنشینەکان و دەیان تاوانی دیکە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە گەلی کوردستان ئیرادەی خۆی لەدەست نەداوە و بە خوێن و قوربانیدان دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەک وەستاوەتەوە.

سەبارەت بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەرێم بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە رووخانی رژێم و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت و هەروەها رۆڵی باڵای هەبوو لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوور تا هەموو عێراقییەکان لە سایەیدا بحەسێنەوە، بەڵام بەداخەوە دەستوور جێبەجێ نەکرا و رۆژ لەدوای رۆژ دەستکرا بە دژایەتیکردنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، کە ئەو پرەنسیپانە کلیلی رزگارکردنی عێراقن لە قەیرانەکان.

لەبارەی حکومەتی نوێی عێراقیشەوە، مەسعود بارزانی روونیکردووەتەوە کە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانییان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە کردەوە پاڵپشتییان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وتیشی: "ئێستاش کە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و زاڵمانە هەیە لە دژی هەرێم و رۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاودەکرێتەوە، ئێمە پێمانوایە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەما و بڕیاری تاکلایەنە ناکرێت".

هاوکات دووپاتی کردووەتەوە کە وەک چۆن هاوکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون لە بنبڕکردنی گەندەڵی، بە هەمان شێوە هاوکار دەبن لە رێگریکردن لە کاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە رێگەی یاسایی و دەستوورییەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا داوا لە هەموو لایەک کراوە دەست بە بنەماکانی دەستوورەوە بگرن و لە عێراقدا عەقڵ حاکم بێت و هیچ کەسێک پشت بە میزاج، زانیاریی هەڵە و بڕیاری نادروست و ماڵوێرانکەر نەبەستێت.

لە کۆتاییشدا مەسعود بارزانی جەختی کردووەتەوە: "هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی 100 ساڵەی گەلی کوردستان و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید هاتووەتە کایەوە و خاوەن مافی رەوای خۆیەتی؛ هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک".


PM:05:19:24/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو