شەپۆلێکی بەهێزی باران، سەرما و بەفر بەڕێوەیە

‌

وێستگەنیوز-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، سەرما و بەفر ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی یەک هەفتە بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوام بن.


ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، لە بڵاوکراوەیەکدا پێشبینییە نوێیەکانی کەشوهەوای خستە ڕوو و ڕایگەیاند: دوای ماوەیەک لە لاوازبوون و نەمانی کاریگەریی شەپۆلەکانی بارانبارین، جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە کاریگەر دەبنەوە بە شەپۆلێکی بەهێزی باراناوییەوە.

سەبارەت بە سەرچاوەی شەپۆلەکە، ئەو شارەزایە ڕوونیکردووەتەوە، شەپۆلەکە لە ئەنجامی دروستبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵ لەسەر دەریای ناوەڕاست و یەکگرتنی بە شێوەیەکی چالاک لەگەڵ کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور، بەرەو ناوچەکە درێژ دەبێتەوە.

ئاراس جەبار کاتی دەستپێکردن و دۆخی کەشوهەواکەی دیاری کردووە و دەڵێت: کاریگەریی سەرەتایی ئەم شەپۆلە لە ناوەڕاستی هەفتەی ئایندەوە، واتە لە 30-11-2026ـەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاو لە پلەکانی گەرما و کەشێکی ساردی باراناوی و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا.

ئاماژەی بەوەش داوە، پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوامیی هەبێت.


AM:10:31:23/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت