تێلیگرام لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نووسراوێکی فەرمیی حکومەتی عێراقی فیدراڵیان سەبارەت بە راگرتنی کاتیی پلاتفۆڕمی تێلیگرام بەدەست گەیشتووە و ئاراستەی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان کردووە.


لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتیی کردووە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە داوە کە لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغداوە، نووسراوە فەرمییەکەی حکومەتی عێراقی فیدراڵیان لەبارەی راگرتنی پلاتفۆڕمی تێلیگرام پێگەیشتووە.

وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە، بەگوێرەی نووسراوەکەی بەغدا، بڕیارەکە تایبەتە بە راگرتنی کاتیی پلاتفۆڕمەکە، ئەوەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی و گوتاری توندوتیژی و رق و کینەوە کە هەڕەشەن دژی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە مۆڵەتی دیاریکراو بۆ کۆمپانیای پلاتفۆڕمەکە، ئەوە خراوەتە روو کە بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەرفەتی داوەتە ئەو کۆمپانیایەی پلاتفۆڕمەکە بەڕێوەدەبات تاوەکو لە ماوەی 30 رۆژدا پابەندی یاسا و رێنماییەکانی حکومەت بێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاندووە کە هەر ئەمڕۆ بە نووسراوێکی تایبەت، داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵییان ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کردووە، بە تایبەت ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتپێدراوی وەزارەتەکەن لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست ئەنجام بدەن.


PM:06:04:22/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو