دوای هێوربوونەوەی جورف سەخر و قسەکانی ترەمپ نرخی دۆلار دادەبەزێت؟
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
لە سەروبەندی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی جورف سەخر و لێدوانەکانی شەوی ڕابردووی دۆناڵد ترەمپ لەسەر عەلی زەیدی، شارەزایەکی بواری ئابووری و دارایی تایبەت بە وێستگەنیوز ڕایگەیاند، پێی وا نییە نرخی دۆلار لە قۆناغی ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر کەمێکیش دابەزێت، دابەزینێکی کاتی دەبێت.
لە کاتێکدا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە سەرووی 170 هەزار دینارەوەیە، پرسیاری سەرەکیی بازاڕ ئەوەیە ئایا دوای هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەکانی جورف سەخر و لێدوانەکانی شەوی ڕابردووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە عەلی زەیدی بە کەسێکی بەهێز ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد بە پشتیوانیی ئەو بووەتە سەرۆک وەزیران، نرخی دۆلار ڕوو لە دابەزین دەکات یان نا.
لەو بارەیەوە، محەمەد موحسین، شارەزا لە بواری ئابووری و دارایی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند: بابەتی دۆلار کەمێک ئاڵۆزە و بابەتەکە یەک لایەن نییە، بەڵکو پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە، لەوانە ستراکچەری ئابووریی عێراق، پرسی گەرووی هورمز، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە، کە ئەمانە هەموویان کاریگەرییان لەسەر سەقامگیربوونی دۆلار هەیە.
سەبارەت بە ئاراستەی نرخی دۆلار لە قۆناغی ئێستادا، محەمەد موحسین بە وێستگەنیوزی وت: من پێم وا نییە دۆلار لە قۆناغی ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و سەقامگیر ببێت، بۆیە ئەگەر کەمێکیش دابەزێت، ئەوا دابەزینێکی کاتی دەبێت.
AM:11:05:21/11/2026
ئهم بابهته 456
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت