جارێکی دیکە نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەوە؛ وێستگەنیوز هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال
پێچەوانەی بەڵێن و پێشبینییەکان بۆ دابەزینی نرخ، ئەمڕۆ لە هەولێر نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزینی بازرگانی بە بڕی 250 بۆ 350 دینار بۆ هەر لیترێک بەرزبووەوە و هاوکات نۆرەی بەنزینی 750 دیناریی حکومیش قەرەباڵغییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، جارێکی دیکە نرخی بەنزین لەسەر شاشەکانی بەنزینخانەکان بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 350 دیناری چووەتەسەر و لە هەزار و 100 دینارەوە بووەتە هەزار و 450 دینار، هەریەک لە بەنزینی موحەسەن و سوپەریش 250 دینار بۆ هەر لیترێکیان زیادیکردووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر پارێزگاری هەولێر بەڵێنی دابەزینی زیاتری نرخی بەنزینی دابوو.
لەبارەی هۆکاری سەرەکیی گرانبوونەکە، فەلاح سەید مەولود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا دەنگۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی هەیە لەنێوان سوپای عێراق و گروپە چەکدارەکان، ئەمەش ترس و نیگەرانیی لای هاوڵاتییان دروستکردووە کە لە ئەگەری شەڕدا بەنزین نەمێنێت، بۆیە خواست لەسەر بەنزین زیادی کردووە".
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دوای ئارامبوونەوەی دۆخەکە، نرخی بەنزینیش ڕوو لە هەرزانبوونەوە دەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد برادۆستی خاوەنی بەنزینخانە لە هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کەمکردنەوەی بەرهەمی هەردوو پاڵاوگەی "کار" و "لاناز" و زۆریی خواست لە بازاڕدا هۆکارێکی دیکەی گرانبوونەکەن، کە تا ئێستا هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەو دوو پاڵاوگەیە ڕوون نەکراوەتەوە.
هاوکات، بەرزبوونەوەی نرخی غازی ئۆتۆمبێل (LPG) وایکردووە شۆفێران جارێکی دیکە ڕوو لە بەکارهێنانی بەنزین بکەنەوە.
PM:06:32:19/11/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت