شاسوار عەبدولواحید: تەنانەت لە ناوخۆی پارتیشدا باڵێکی بەرچاو دژی مەسرور بارزانییە

‌

وێستگەنیوز-

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا ڕەخنە لە مەسرور بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، سەرەڕای دابەزینی کورسییەکانی پارتی لە 56ـەوە بۆ 39 کورسی، هێشتا سوورن لەسەر مانەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیران و وەرگرتنی زۆربەی پۆستە سەرەکییەکانی هەرێم.


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە نووسینێکدا بە زمانی ئینگلیزی لە ژێر ناونیشانی فیلەکە لە ناو ژوورەکەدایە ڕایگەیاند: هەمووان باسی قەیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام نزیکەی کەس دەست بۆ بابەتە سەرەکییەکە نابات، ئەویش سووربوونی مەسرور بارزانییە لەسەر مانەوەی لە دەسەڵات، بێ گوێدانە دەرەنجامە سیاسییەکان یان ئەو زیانەی ڕەنگە بە هەرێم بگات.

عەبدولواحید لە پەیامەکەیدا دەپرسێت: بۆچی مەسرور بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی ئاگر لە هەرێمی کوردستان بەربدات؟ سەرەڕای ئەوەی کورسییەکانی پارتی لە پەرلەماندا لە 56 کورسییەوە دابەزیوە بۆ 39 کورسی، بۆچی هێشتا سوورە لەسەر مانەوەی وەک سەرۆک وەزیران لە کاتێکدا داوا دەکات پارتی هەموو پۆستە سەرەکییەکان لای خۆی بهێڵێتەوە؟.

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت، مەسرور بارزانی لە لایەن ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، وڵاتانی دراوسێ و خەڵکی ناوخۆشەوە خۆشەویست نییە و هیچ پەیوەندییەکی واتاداری لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسیی دیکەی ناو هەرێمدا نییە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە: تەنانەت لە ناوخۆی پارتیشدا باڵێکی ڕوون و بەرچاو هەیە کە دژی ئەوەن.

ڕایشیگەیاند، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وا دەردەکەون نایانەوێت لەگەڵ پارتی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام پارتی بەردەوامە لە داواکردنی نزیکەی هەموو پۆستەکان سەرەڕای ئەوەی تەنیا 39%ـی کورسییەکانی پەرلەمانی هەیە، لەوانە: سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکومەت، ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پەیوەندییەکانی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ، دۆسیەکانی نەوت و ئابووری، داواکاری گشتی و چەندین پۆستی دیکە.


PM:04:37:19/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت