هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی غاز لە هەولێر چییە؟ وەڵامەکەی لە وێستگەنیوزەوە بزانە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

دوای ئەوەی بۆ چەند رۆژێک نرخی 1 لیتر غازی ئۆتۆمبێل دابەزیبووەوە بۆ 600 بۆ 650 دینار، ئێستا لە بەنزینخانەکان و هەندێک شوێن گەیشتووەتە 800 دینار، کە ئەمەش گرانترە لەو نرخەی هەفتەی رابردوو لە کاتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆردا هەبوو، هاوکات نرخی غازی ماڵانیش لە بازاڕەکانی هەولێردا لە 18 بۆ 20 هەزار دینار کەمتر نییە.


لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان، فەلاح سەید مەولود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەیامنێری وێستگەنیوز لە هەولێر رایگەیاند، هۆکاری گرانبوونی غاز پەیوەندی بە وەستانی بەرهەمهێنانی غازەوە هەیە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، جەختیشی کردەوە کە ئەگەر هەوڵ و پلانێکی ورد نەبووایە نرخی غاز زۆر لەوە گرانتر دەبوو.

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان، ئێستا بتڵێک غازی ماڵان گەیشتووەتە 20 هەزار دینار، سەبارەت بە هەوڵەکانیش بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی زیاتری غاز بە وێستگەنیوزی وت، لەلایەن عێراقەوە پشکی پارێزگای هەولێر دەگاتە 300 تەن غاز لە رۆژێکدا وەک هاوکاری بۆ ئەوەی نرخەکەی گرانتر نەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی زانیارییەکانی 14ی تشرینی دووەم، حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 760 تەن غازی شلی (LPG)ی داوە و رۆژی دووشەممە 16ی تشرینی دووەم یەکەم کاروانی گەیشتووەتە هەولێر.

فەلاح سەید مەولود روونیشی کردەوە، پلانی گونجاو دانراوە و غازی تەواو لە کۆگاکاندا هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی بە نرخی 8500 دینار و لە رێگەی کارتی ئەلکترۆنیی سووتەمەنییەوە بفرۆشرێتە ماڵان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە دەردەکەوێت کە تاوەکو کێڵگەی کۆرمۆر چاک نەبێتەوە هیچ شتێکی دیکە بۆ دۆخەکە ناکرێت و لە ئێستادا پشت بە هاوکاریی عێراق دەبەسترێت.


PM:03:32:19/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت