یەکێتی زانایان: پاراستنی قەوارەی هەرێم لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوەیە
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
یەکێتیی
زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ حزب، لایەنە سیاسییەکان و
جەماوەری کوردستان، هۆشداری دا کە هەرێم لە قۆناغێکی هەستیاردایە و بەرگەی
پەرتەوازەیی ناگرێت، جەختیشی کردەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێم و سەقامگیریی
نێوماڵی کورد لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حزبی و تایبەتییەوەیە.
یەکێتیی
زانایان ئاماژەی بەوەش کردووە، کوردستان لە هەلومەرجێکی تایبەت و پڕ لە کێشمەکێش و
هاوکێشەی سیاسی و ناوچەییدایە؛ بۆیە بیری لایەنەکانی هێناوەتەوە کە کوردستان بە
خوێن و خەبات گەیشتووەتە ئەم قۆناغە و ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندیی کاتیدا تووشی
قەیرانێکی قووڵتر بکرێت کە دواجار هەمووان لێی پەشیمان ببنەوە.
هەروەها، جەختی لەوە کردووەتەوە، کوردستان و دامەزراوە
شەرعییەکان موڵکی گشتیی گەلن و نابێت وەک کارتی ململانێی سیاسی و دروستکردنی مەترسی
لەسەر قەوارەی هەرێم بەکار بهێنرێن، و هەر کەسێکیش ئیرادەی خێری بۆ کوردستان
نەوێت، ئەوا یاریی بە چارەنووس و مێژووی کورد دەکات.
لە کۆتاییدا، یەکێتی زانایان داوای لە هەموو لایەک
کردووە بێنە ژێر باری بەرپرسیارێتی و دۆخی دەروونی و باری گوزەرانی هاووڵاتییان
لەبەرچاو بگرن، بەو پێیەی کە کورد نەیاری زۆرە و تەنیا کوردە دەتوانێت پاڵپشتی راستەقینەی
خۆی بێت، لەبەر ئەوە پێویستە دەستکەوتەکانی کوردستان وەک گلێنەی چاو بپارێزرێن.
PM:09:24:17/11/2026
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت