نەوتەکەی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

‌

وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشکرای کرد، دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ، یەکەم کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی بارکراوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەر ئەمشەو یەکەم کاروانی نەوتی سپی دەگاتە کۆگاکانی پارێزگای دهۆک و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی دهۆک لە ناوچە شاخاوییەکانی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ بەشە نەوتی هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش، ڕەزامەندی دراوە و دەست بە بارکردن دەکرێت و لەگەڵ گەیشتنی بەکۆگاکان، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

هاوکات لای خۆیەوە، سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند: نەوتەکەی بەغدا سێ بۆ چوار ڕۆژی دیکە دەگات و 100 لیتر نەوت واتا نیو بەرمیل دەدرێت بە هاووڵاتییان بە نرخی 33 هەزار دینار.

وتیشی، لە دوێنێوە ڕێکارەکان لای ئەوان تەواو بوون و چاوەڕێن لەم دوو سێ ڕۆژەدا نەوتەکەی بەغدا بگاتە دەستیان، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو 50 ملیۆن لیترەی بۆ هەرێم دیاری کراوە بەش ناکات و پێویستیان بە 270 ملیۆن لیترە.

ئاشكراشی كرد، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشدەکرێت و دواتریش لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی لە مەڵبەندی 8-ەوە دەستپێدەکات.


PM:06:07:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت