دهۆک؛ بە دەستڕێژی گوللە ژنێک کوژرا

‌

وێستگەنیوز-

کەمێک پێش ئێستا ژنێک لە دهۆک کوژرا و پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە کردووە و تۆمەتبارەکە هەڵاتووە.

پەیامنێری وێستگەنیوز لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە شوقەکانی دابین دوو لە ناوەندنی شاری دهۆک بووە و ژنێکی تەمەن 33 ساڵ بە سێ فیشەک کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستاش هۆکاری سەرەکی پشت ئەم تاوانە بە تەواوی نەزانراوە، هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرەداوەکان.

سەبارەت بە ڕووداوەکەش، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تاوانەکە، تیمەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە پشکنینی مەیدانی و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کرد، هەروەها بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێکارە پزیشکییەکان و توێکاری، تەرمی ژنەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری لە دهۆک کرا.

لای خۆیەوە دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی بە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کردووە و دۆسییەکە بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە تایبەتە بە تاوانەکانی کوشتن، تیمەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامدا دان بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی تۆمەتباری هەڵاتوو و ئاشکراکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم ڕووداوە.


PM:04:27:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت