مەسرور بارزانی: خەڵکی دڵسۆز و بەشەرەفی سلێمانی دژی دابەشکردنی کوردستانن

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و خۆشحاڵە بەوەی خەڵکی سلێمانی دژی ئەو هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان شەرعییەتی قەوارەی هەرێم پارێزراوە و سەرەڕای ڕێگریی هەندێک لایەن، بۆ پرسی بودجە لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدان.


ئەمڕۆ سێشەممە 17ـەی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا سەبارەت بە دۆخی هەرێم، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند: بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمان، هەوڵمانداوە قەوارە و شەرعییەتی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

ئاماژەی بەوە کرد: لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوە.

وتیشی: پێشتر هەندێک لایەن داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیان دەکرد، کەچی ئێستا سکاڵایان لە دژی تۆمار کردووە.

مەسرور بارزانی سەبارەت بە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لە پەیوەندیداین، بەڵام هەندێک لایەن دژی هەوڵەکانمان دەوەستنەوە و نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت.

دەشڵێت، ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە و دەمانەوێت کوردستان پێشبکەوێت و ببێتە نموونەیەک لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا لەبارەی هەڵمەتەکانی تایبەت بە دابەشکردنی هەرێم، مەسرور بارزانی جەختی کردەوە: هەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و زۆر خۆشحاڵم دەبینم خەڵکی دڵسۆز و خۆشەویستی سلێمانی دژی ئەم هەڵمەتە هاتوونەتە دەنگ.


PM:02:56:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت