نێچیرڤان بارزانی و وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا تاوتوێی هاریکاریی هاوبەش دەکەن

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە خواستەکانیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردەوە
.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ڕیم ئالابالى ڕادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەرپرسانی وەزارەت و به‌ڕێز کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا، پێكهاتبوو.

لە کۆبوونەوەيه‌کدا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری، وەبەرهێنان و بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێکران.

نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا دووپاتکردەوە و جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە.

لای خۆیەوە، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی پشتیوانی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیریدا دووپاتکردەوە.

دۆخی ئێزدییان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو كه‌ به‌ڕێز کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ئاماده‌ى بوو.


PM:01:35:17/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت