قاچاخچێتیی نەوت بەغدا و هەرێم ڕووبەڕووی یەک دەکاتەوە؛ سوپا دەجوڵێنرێت؟
وێستگەنیوز- راپۆرت
دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت لە کەرکوک و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار و بەغدا هەڕەشەی ناردنی سوپا دەکات.
دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی عێراقی کە ماڵپەڕی حوڕە بڵاویکردووەتەوە و پشتی بە وێنەی مانگی دەستکرد بەستووە، ئاشکرا بوو کە تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئێران و تورکیاوە دەگەیەنێتە ئەفغانستان.
بەپێی بەڵگەنامەکە، ڕێڕەوی یەکەم لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە دەست پێدەکات و نەوتەکە دەگوازرێتەوە ناوچە سنوورییەکانی سلێمانی و لەوێشەوە لە ڕێگەی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە بۆ ئێران دەبرێت، پاشان لەوێ دەگۆڕدرێت بە نەوتی ئێرانی بۆ ئەوەی لە سزا ئابوورییەکان خۆی بدزێتەوە و دواتر بە دەروازەی ماهیرۆددا دەگاتە کۆگاکانی هەرات و فەڕا لە ئەفغانستان.
ڕێڕەوی دووەمیش لە کێڵگەکانی تاوکی و فیشخابووری دهۆکەوە دەست پێدەکات و لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەرەو تورکیا دەچێت.
ئەم زانیارییانە و کێشەی نەوتی ناوچەی جەرف سەخەڕ لە بابل، حکومەتی عێراقی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لەم چوارچێوەیەدا حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق هۆشداریی توندی دایە هەر لایەنێک کە ڕێگر بێت لە بەردەم لێکۆڵینەوەکان و ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و ئەگەری ناردنی سوپای عێراقیش بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە دوور نەزانی.
لە هەمان کاتدا، لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە نهێنی گەیشتە کەرکوک و سەردانی ناوچە سنوورییەکانی کرد و بڕیارە بۆ لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بێنە شارەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئیدارەی کەرکوک بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند کە ئەوان پێش دوو مانگ لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ نەهێشتنی قاچاخچێتی پێکهێناوە و ئەمڕۆش ئەندامانی لیژنەکەی کەرکوک کە پێکهاتوون لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەرپرسانی نەوت و ئاسایشی نیشتمانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون.
سەرچاوەکە جەختیشی کردەوە کە ئەمساڵ تەنها یەک ملیۆن لیتر نەوتی کەرکوک بە پسوولەی فەرمی و بە نووسراوی سەنتەری نیشتمانیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە شارەکە دەرچووە.
لە ڕووی سیاسییەوە، ئەم دۆسیەیە جارێکی تر پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ؛ بە تایبەتی لەبارەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت، دەسەڵاتی فیدراڵی، چاودێری دەروازە سنوورییەکان و گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان.
PM:12:21:17/11/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت