حکومەتى عێراق: بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان لەوە زیاترە کە خۆیان ئاماژەى پێ دەکەن
وێستگەنیوز-
وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، زانیاریى و ڕاپۆرتیان سەبارەت بە بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان هەیە و دەریدەخات بڕى بەرهەمهێنانى نەوت لەو ئاستە زیاترە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى دەکات.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند کە هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی فیدراڵی کۆتاییان بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 هێناوە.
دەشڵێت: ڕەشنووسەکە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و نوێگەریی تێدایە، لەوانە بەکارهێنانی شێوازی "بودجەی بەرنامە و کارایی” بۆ یەکەم جار و جێگیرکردنی پاڵپشتیی دارایی نوێ وەک ڕێگەی گەشەپێدان و سندوقی نەوەکان بۆ پاراستنی ئابووری لە پشتبەستن بە نەوت.
بەرزبوونەوەی مێژوویی لە داهاتی ناوخۆیدا
حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقدا، پشکی داهاتی ناوخۆیی لە بودجەی ساڵی 2027ـدا دەگاتە سەرووی 19%، لە کاتێکدا پێش ساڵی 2026 لە 11% تێنەپەڕیوە.
ناوبراو هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەی بۆ ڕێکارەکانی وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، گەشەپێدانی ئاراستەی دیجیتاڵی، ئۆتۆماتیکردنی دەروازە سنورییەکان و باشترکردنی کۆکردنەوەی باج گەڕاندەوە.
گرێکوێرەی بودجە؛ پرسی نەوت و هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ سیاسییەکان و پرسی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکین. بەپێی ڕەشنووسەکە، پێویستە هەرێم ڕۆژانە بڕی کەمتر لە 445 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێی وایە بەرهەمهێنانی کەمترە لەو ڕێژەیە.
عەبودی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵ زانیاری و ڕاپۆرتی لەسەر بەرهەمی زیاتری نەوت لە هەرێم هەیە، بەڵام گفتوگۆ و تێگەیشتنە هاوبەشەکان بەردەوامن تا داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
AM:11:54:17/11/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت