لیزا فەلەکەدین کاکەیی: تا کار لە کار نەترازاوە ئاوێک بکەن بەم ئاگرەدا
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لیزا فەلەکەدین کاکەیی لە پێگەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک، وێنەیەکی فەلەکەدین کاکەیی باوکی کە لەگەڵ مام جەلالدا گیراوە بڵاوکردەوە و لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان داوای ئارامگرتن و هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
لە دەستپێکی نووسینەکەیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە کە زۆر هەوڵی داوە لەم ماوەیەدا دوورەپەرێز بێت لە قسەکردن لەسەر ئەو دۆخە سیاسییە مەترسیدارەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەڵام وتوویەتی: "کە رەوشەکە گەیشتە خاڵی هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەولێر و دهۆک ئیتر چەقۆ گەیشتە سەر ئێسقان و هەر کاتێکیش ئازار بگاتە ئێسقان، چیتر بێدەنگی مانای ئارامی نییە". جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم نووسینەی پەیوەندیی بە پلە حزبییەکەیەوە نییە و وەک لیزای فەلەکەدین کاکەیی دەنووسێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بە ناونیشانی (پایتەختی رۆشنبیری)، باسی لەوەکردووە کە بیرۆکەی ناساندنی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری هی مامۆستا جەمال بابان بووە و ئەوکاتە فەلەکەدین کاکەیی وەک وەزیری رۆشنبیری بەپەرۆشەوە کاری لەسەر کردووە تا دواتر لە پەرلەمان تێپەڕێندراوە. هەروەها گێڕاویەتییەوە کە باوکی بەیانییەکی زوو بە قاتێکی شاڵی شیری رەنگەوە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتووە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، کە تێیدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئەوکات، سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری ناسێندراوە؛ هەربۆیە دووپاتی کردووەتەوە کە سلێمانی لە ئەدەبیات و ژیانی ئەواندا شوێنێکی تایبەتی هەیە و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لەسەر هەوڵی جیاکردنەوە و دابڕانی ئەو شارە قسە بکات.
سەبارەت بە برینەکانی شەڕی ناوخۆ، لیزا فەلەکەدین کاکەیی رایگەیاندووە، ئەوان منداڵانی سەردەمی شەڕی ناوخۆن و هێشتا بیرەوەرییە تاڵەکانی ئەوسا برینی دڵیان دەکولێنێتەوە، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەوان لە سلێمانی و سلێمانیش لەوان دابڕابوو. یەکەم گەشتیشی بۆ سلێمانی دوای کۆتاییهاتنی شەڕ بە خۆشترین بیرەوەری ناودەبات و دەڵێت، هەرکە لە دوکان تێپەڕیون بە فرمێسکی خۆشییەوە بەرەو شارەکە چوون و کۆمەڵێک خزم و ناسیاو بە هەڵپەڕکێ و خۆشییەوە پێشوازییان لێکردوون.
هاوکات بەراوردی ئێستا و ئەو سەردەمەی کردووە و روونیکردووەتەوە، ئەوکات هەرێمی کوردستان فیدراڵییەتی وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا خاوەنی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوورییە، بۆیە گرنگە زۆر زیاتر لە جاران خەمخۆر بن و ترسیان لە لەدەستدانی هەبێت. پرسیاریشی کردووە کە ئەگەر بڕیار بێت رۆژگارێک خۆیان بەدەستی خۆیان تێکی بدەن، بۆچی ئەو هەموو خەبات و شەونخونییە لەپێناو کوردستاندا کراوە.
لە بڕگەی (قسەی توند ناکەم)دا، تیشکی خستووەتە سەر هەڵوێستێکی باوکی لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، کاتێک لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بێژەرەکە هەوڵی داوە بیخاتە دۆخێکەوە کە قسەی رەق و توند بەرامبەر یەکێتی بکات، بەڵام فەلەکەدین کاکەیی بە هێمنی پێی وتووە: "دەزانم دەتەوێت قسەی توند بکەم بەڵام من نایکەم، چونکە دەزانم لە کۆتاییدا ئەم ئاگرە هەر دەکوژێتەوە و لەگەڵ برایانی یەکێتی دەچینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە وازبێنە و لەبری ئەوە با هەوڵ بدەین ئاوێک بەسەر ئەم ئاگرەدا بکەین". وەک ئەو دەڵێت، ئەو هەڵوێستە لەگەڵ نووسین و پەیامە پڕ لە خێر و ئاشتەواییەکانی باوکی، بووبوونە ئومێد بۆ زۆربەی هاوڵاتیان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لیزا فەلەکەدین کاکەیی جەختی کردووەتەوە کە ئێستاش درەنگ نییە بۆ ئەوەی ناوی خوا بهێنن و ئاوێک بەم ئاگرەدا بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان ئەمانەت و یادگاری هەزاران شەهید و تێکۆشەر و خەباتگێڕە و پێویستە پارێزگاری لە خۆی و رۆڵەکانی بکەن. باسی لەوەش کردووە کە ئەم هەرێمە تەنها سەرەتایە و کورد هێشتا زۆری ماوە بگاتە ئامانج، بە وتەیەکی باوکیشی کۆتایی بە نووسینەکە هێناوە کە هەمیشە بە شۆفێرەکەی دەوت: "لەسەرخۆت بڕۆ چونکە قەزیەی کورد هێشتا زۆری ماوە".
AM:09:59:17/11/2026
ئهم بابهته 576
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت