دوران کاڵکان: کاتی ئەوەیە تورکیا هەنگاو بنێت
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای تورکیا جەخت لە سەرخستنی پرۆسەکە دەکەنەوە، دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان رەخنە لە دەسەڵاتی تورکیا دەگرێت بەوەی لە ئاستی پرۆسەکەدا هەنگاو نانێت و رایدەگەیەنێت، هیچ ئەگەرێکیان بۆ پێکدادان لەگەڵ تورکیادا نەهێشتووەتەوە.
دوران کاڵکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "مەدیا خەبەر" ئاماژەی بەوەکردووە، تورکیا دەرفەت بە ئۆجەلان نادات بە باشی کار لەسەر پرۆسەکە بکات و هیچ گۆڕانکارییەکیش لە پێگەکەیدا نەکراوە، جەختیشی کردووەتەوە کە تەنها بە ئازادیی ئۆجەلان و باشکردنی دۆخەکە، پرۆسەکە دەچێتە پێشەوە و سەردەکەوێت.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، کاڵکان وتوویەتی: "ئەگەر تورکیا پلانی هێرشکردنی نەبێت، بە جۆرێک کشاوینەتەوە هیچ ئەگەرێک بۆ پێکدادان نەماوەتەوە". راشیگەیاندووە، هیچ هەنگاوێکی دیکە نەماوە بینێن و ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیا هەنگاو بنێت، ئەو هەنگاوانەشی تا ئێستا ناویانە جددیبوونی ئەوانی لە پرۆسەکەدا دەرخستووە و قسەی ئەو کەسانەی رەتکردووەتەوە کە پەکەکەیان بە دژی پرۆسەکە دەناساند.
لەبارەی داواکارییەکانی قۆناغی داهاتوو، ئەندامەکەی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان بە پێویستی زانیوە پێگەی ئۆجەلان دیاری بکرێت، ئەو لیژنەیە دەستبەکاربێت کە ئۆجەلانی تێدایە و هەنگاو بۆ دیموکراتیزەکردن بنرێت. هەروەها داوایکردووە ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، دەرفەتی سیاسەتکردنیان پێبدرێت و ژیانیان گرەنتی بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاڵکان تیشکی خستووەتە سەر دۆخی زیندانیکراوان و ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لەو کەسانەی لەسەر دۆسیەی پەکەکە دەستگیرکراون لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە. ناوبراو ئەو کەسانەی بە "شەهیدی بزووتنەوەکەیان و شەهیدی زیندان" ناوبردووە و وتوویەتی: "راستە لە شاخ خەباتیان راگرتووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە جەنگدایە لەگەڵ زیندانیکراواندا".
دەربارەی کۆمەڵکوژیی دێرسیم و ئەو کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون، دوران کاڵکان جەختی کردووەتەوە کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا دان بەو برینە قووڵەدا بنێت و قبووڵی بکات کە لە سەرەتای تەمەنی کۆماری تورکیادا لە دێرسیم روویداوە. وتیشی: "کورد و سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی کورد کێشەیان لەگەڵ دروستبوونی کۆماری تورکیادا نەبووە و سیاسەتی تورکیا لە ساڵانی دواتر کێشەکانی دروستکرد".
AM:09:11:17/11/2026
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت