پلاتفۆرمی تێلیگرام لە هەرێمی کوردستان دادەخرێت؟
وێستگەنیوز -
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بە وێستگەنیوزی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیان لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندنی عێراقەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە داخستنی پلاتفۆرمی تێلتگرام، و لە کاتی گەیشتنی هەر بڕیارێکیشدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرژەوەندی گشتی ڕەچاو دەکرێن.
دێلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ وێستگەنیوز وتی: "سەبارەت بە داخستنی هەر پلاتفۆرمێکی خزمەتگوزاری گەیاندن، ئێمە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە بە دەستمان نەگەیشتووە سەبارەت بەم مەبەستە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی گەیشتنی نووسراوی فەرمی بۆ ئەم بابەتە یاخود هەر بابەتێکی تر، دوای بەدواداچوون لەسەر ڕەهەندەکانی خزمەتگوزارییەکە و وەرگرتنی بۆچوونی دامودەزگا تایبەتمەندەکان لە ڕووی یاسایی و ئەمنییەوە، لەژێر ڕۆشنایی یاسای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارە 19ی ساڵی 2011، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری گەیاندن بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە فەرمانی سەرۆك وەزیران بڕیاردا بە ڕاگرتنی ئەپڵیكەیشنی "تێلیگرام" بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، بەهۆی پابەندنەبوونی كۆمپانیاكە بە یاساكانی وڵات و چارەسەرنەكردنی ئەو پەیامانەی هانی توندوتیژی دەدەن و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەكەن.
PM:04:32:16/11/2026
ئهم بابهته 548
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت