شارەزایەکی کەشناسی بۆ وێستگەنیوز: شەپۆلێکی بارانبارین چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
شارەزایەکی کەشناسی وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، شەپۆلەکانی بارانبارین و هاتنی بارستە هەوای سارد لەم مانگە و مانگی داهاتوودا بۆ وێستگەنیوز دەخاتە روو، هاوکات دەستەی کەشناسیی عێراقیش پێشبینییەکانی بۆ ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق بڵاو دەکاتەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تاکو سبەی ئێوارە لە دهۆک و هەولێر ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەشێوازی بچڕبچڕ باران دەبارێت، ئەگەری زۆریش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت.
سەبارەت بە رۆژانی 18 و 19ی تشرینی دووەم، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر گۆڕانکاری روونەدات ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و بارانێکی باش لە ناوچە جیاوازەکان دەبارێت، هەرچەندە بە گشتی بارانەکە زۆر نییە و ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن و هەورەبروسکەش هەیە، هاوکات پشکی شێر بەر دهۆک، هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکەوێت.
پێنجوێنی روونیشی کردەوە، لە سنووری سلێمانی هەرچەندە گۆڕانکارییەکان خێران و پێشبینیی بارانبارینی لاواز بۆ مامناوەند دەکرێت، بەڵام بۆ رۆژانی 23 و 24ی مانگ بارانێکی باشتر دەبارێت.
جەختیشی کردەوە کە بە گشتی ئەو بارانە زۆر باشەی لافاو دروست دەکات، بەپێی پێشبینییەکان دەکەوێتە کۆتایی مانگی 11 و سەرەتای مانگی 12، و پێش گەیشتن بە رۆژی 20ی مانگی 12 بارانێکی بەهێز دەبارێت.
لەبارەی شەپۆلی سەرماوە، پشتیوان پێنجوێنی باسی لەوە کرد، لە رۆژانی 18 و 19ی مانگدا بارستە هەوایەکی سارد دێت، ئەگەر بارانەکە جێگیر بێت ئەوا ئەم سەرما و گەرما وشکە نامێنێت. وتیشی، لە دوای 19 تا 23ی مانگ بارستە هەوایەکی نیمچەگەرم بەڕێوەیە و لە دوای رۆژی 23ی مانگیشەوە بە گشتی بارستە هەوای سارد دادەبەزێت و کەشی شێدار دەگەڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی کەشناسیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی خستە روو و رایگەیاند، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانەوە لەگەڵ بارستە هەوایەک لە ناوەڕاستی ئەوروپاوە بە ئاراستەی ناوچەکە، لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە کاریگەریی دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا دەردەکەوێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، کاریگەریی ئەو شەپۆلە، کە دابەزینی پلەکانی گەرما و بارانبارینی بە رێژەی جۆراوجۆر لەگەڵدایە، زیاتر هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی باکووری عێراق دەگرێتەوە و لە ناوچەکانی دیکەدا ئەگەری بارانبارین و گۆڕانکارییەکان کەمترە.
سەبارەت بە وردەکاریی رۆژەکان، کەشناسیی عێراق روونی کردووەتەوە، رۆژی سێشەممە ئەگەری نمەباران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق بەردەوام دەبێت و لە ناوچەکانی دیکەش ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە کاتەکانی شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواوەتی. رۆژی چوارشەممەش لە تەواوی ناوچەکان ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ بەردەوامیی ئەگەری نمەباران بۆ بارانبارینی مامناوەند و هەورەبروسکە و هەورەتریشقە، بەڵام لە ناوەڕاست و باشوور تەنها نمەباران دەبارێت. ئاماژە بەوەش کراوە کە ناسەقامگیریی کەشوهەوا رۆژی پێنجشەممەش بەردەوام دەبێت، بەڵام دۆخەکە سەبارەت بەو ناوچانەی بارانیان تێدا دەبارێت بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە.
AM:08:59:16/11/2026
ئهم بابهته 580
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت