کەمال کەرکوکی: خەڵکی کوردستان و یاسا دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکەن
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە کاتێکدا لە کاردانەوەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستاندا بەشێک لە هاونیشتمانییان واژۆ بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی کۆدەکەنەوە و بەشێک لە لایەنەکانیش لە ناویاندا یەکێتی رەخنە و تێبینیی زۆریان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەیە و بە تاکڕەوانەی دەزانن، کەمال کەرکوکی جەخت دەکاتەوە کە دەستوور دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات.
کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور یەک هەرێمە و هیچ هەوڵێکیش بۆ دابەشبوون و دابەشکردنی سەرناگرێت، بە بۆچوونی ئەویش خەڵکی کوردستان، یاسا و دەستوور دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکەن.
هەروەها وتی، ئەرک و مافی یەکێتییە هاوشێوەی پارتی و هەموو لایەنەکانی دیکە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، پێشیان باشە هەموو لایەنەکان پێکەوە لە پەرلەمانی کوردستان دابنیشن و بۆچوونی خۆیان لەوێ دەرببڕن.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئومێدی خواست هەمووان بێنەوە سەر رێگەی راست بۆ خزمەتکردنی خەڵک و ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا زۆریان لە پێشە و دەبێت هیچ لایەک نەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەم لێکترازانە رووبدات.
لەبارەی دۆخی پەرلەمانەوە، کەرکوکی رایگەیاند، هەڵوێستی پارتی و بە تایبەت مەسعود بارزانی روون و ئاشکرایە و بەردەوام داوای لە هەموو لایەک و ئەو پەرلەمانتارانە کردووە کە نوێنەری خەڵکن بچنە پەرلەمان و کارەکانی خۆیان بە دروستی بکەن.
هاوکات ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داواکارییەکی بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری لەسەر سکاڵای یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ راگرتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان رەت کردەوە، بەڵام داوا سەرەکییەکەی رەت نەکردووەتەوە کە تۆمار کراوە؛ لەو بارەیەشەوە کەمال کەرکوکی وتی، "روون بوو بۆمان کە بڕیارەکەی دادگا بەو شێوەیە دەبێت و دەبوو ئەو لایەنانە سکاڵا نەکەن".
PM:05:20:15/11/2026
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت