شێخ جەعفەر: یەکێتی خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتە و دەستکەوتەکانییەتی
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی تشرینی دووەم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیی لە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە و سەمیر هەورامی، لێپرسراوی بۆردی حکومەت و ئەندامانی بۆردەکە ئامادەی بوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپات کردەوە و تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی کوردستان.
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی سوپاسی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی و تەواوی فراکسیۆنی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانی کرد کە بەشداریی دانیشتنەکەی 4ی تشرینی دووەمیان نەکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو دانیشتنە "مەترسیی جددی بۆ سەر یەکڕیزیی کورد و کوردستان دروست کردووە".
لەو بارەیەوە جەختی کردەوە کە مرۆڤ و حزبی سیاسی بە هەڵوێست و خۆڕاگرییەوە جوانن و لە کۆتاییدا ئەو هەڵوێستانە دەمێننەوە و دەبنە بەشێک لە مێژووی کەسەکان و حزبە سیاسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کورتەیەکی لەسەر مێژووی یەکێتی خستە روو و ئاماژەی بەوە دا کە دوای هەرەسی شۆڕش لە ساڵی 1975 بەرەنگاری دەسەڵاتی بەعس بووەتەوە و شۆڕشی هەڵگیرساندووەتەوە، هەروەها دوای سەرخستنی راپەڕینی ئازاری 1991 بە دەستپێشخەریی مام جەلال و یەکێتی هەڵبژاردن کراوە و پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم پێکهێنراون؛ وتیشی کە بەو هۆیەوە یەکێتی "خاوەنی راستەقینەی وڵات و دەستکەوتەکانێتی" و پێویستە شانازی بە یەکێتیبوون و سیاسەت و پلانەکانیانەوە بکەن.
بەپێی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، جەخت لەوە کرایەوە کە یەکێتی بە بەرنامەیەکی نوێوە لە هەوڵێکی بەردەوامدایە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی خەڵک و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان و لەو پێناوەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێکە، ئاماژە بەوەش درا کە خەڵک لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان پشتیوانی لەو هەڵوێستەی یەکێتی دەکەن.
هاوکات، لێپرسراوی بۆردی حکومەت و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان تێڕوانین و گۆشەنیگای خۆیان لەبارەی دوا پێشهاتەکان دەربڕی و پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی دووپات کردەوە.
PM:04:43:15/11/2026
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت