پارێزەرێک بۆ وێستگەنیوز: سكاڵای هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دووەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەت نەکراوەتەوە

‌

وێستگەنیوز – محەمەد فاتیح

ئەو دۆسیەیەی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە دوو داواکاریی لەخۆ گرتبوو؛ لە کاتێکدا دادگا ئەمڕۆ داواکاریی یەکەمی تایبەت بە دەرکردنی فەرمانسالاری (فەرمانی وەلائی) رەت کردەوە، بەڵام سکاڵا بنەڕەتییەکە وەک خۆی ماوەتەوە و هێشتا یەکلا نەبووەتەوە.


پارێزەر ئازاد دۆسکی، شارەزای دەستووری و یاسایی تایبەت بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "دادگای فیدراڵیی عێراق داواکاریی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرد و رەتی کردەوە فەرمانی وەلائی بۆ وەستاندنی پرۆسەکە دەربکات".

ئەو دوو لایەنە لە رێگەی سکاڵا بنەڕەتییەکەیانەوە داوایان کردبوو پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێت، بەڵام دادگا بەبێ ئەوەی هیچ رێکارێکی کاتی بۆ راگرتنی پرۆسەکە پەسەند بکات، تەنها داواکاریی دەرکردنی فەرمانسالارییەکەی رەت کردەوە، لە کاتێکدا سکاڵا بنەڕەتییەکە هێشتا ماوەتەوە.

ئازاد دۆسکی بۆ وێستگەنیوز روونی کردەوە، دەرکردنی فەرمانسالاری (فەرمانی وەلائی) بەپەلە بەپێی مادەکانی 151 و 152 لە یاسای مورافەعات مەرجی خۆی هەیە؛ کاتێک سکاڵاکار داوای دەکات دەبێت سەرەتا داوایەکی بنەڕەتی تۆمار بکات، هاوکات دەبێت سیفەتی بەپەلە (ئیستعجال)ی هەبێت و کاریگەریی نەبێت بەسەر بابەتی داوا سەرەکییەکەوە.

وتیشی، "داوا بنەڕەتییەکە رەت نەکراوەتەوە، تەنها ئەمری وەلائی رەت کراوەتەوە، چونکە داواکە؛ بە شێوەیەکی دروست نەبووە"، بە بڕوای ئازاد دۆسکی، داوا بنەڕەتییەکەی لایەنی سکاڵاکار رەت دەکرێتەوە، چونکە لە تایبەتمەندیی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق نییە.

لە لایەکی دیکەوە، پارێزەر دابان ئەحمەد جەبار لە روونکردنەوەیەکی یاساییدا لەبارەی مانەوەی سکاڵاکە جەختی کردەوە، بڕیاری رەتکردنەوەی فەرمانسالارییەکە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی کۆی سکاڵاکە نایەت، بەڵکو تەنها رەتکردنەوەی داواکارییەکە بووە بۆ راگرتنی کاتیی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، بنەڕەتی سکاڵاکە، کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دووەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026، وەک خۆی ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا لە دادگای فیدراڵی یەکلا نەبووەتەوە، هەر بۆیە پرۆسەی دادبینی تێیدا بەردەوام دەبێت.

دابان ئەحمەد جەبار روونیشی کردووەتەوە، بڕیاری رەتکردنەوەی فەرمانسالارییەکە بڕیاری کۆتایی نییە و لە رووی یاساییەوە قابیلی تانەلێدانە لە رێگەی پێشکەشکردنی داواکاریی ستەمدارییەوە.


PM:01:33:15/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو