بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی سلێمانیدا: بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت

‌

وێستگەنیوز – فیردەوس دڵشاد

بافڵ تاڵەبانی، لە 242ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا ڕایگەیاند، سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت، وەفاداری بۆ ئەم شارە وتنەوەی قسە و دروشم نییە لە دوورەوە، بەڵکو کارکردنی کرداری و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە.


ئەمڕۆ شەممە 14ـەی تشرینی دووەمی 2026، بافڵ تاڵەبانی بە بۆنەی 242ـەمین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی شارەکە کرد و ڕایگەیاند: سلێمانی تەنها جوگرافیایەک نییە، بەڵکو ڕۆحێکی زیندوو، بیرێکی ئازاد و قەڵایەکی لەبننەهاتووی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادییە. بە شانازییەوە یادی هەموو ئەو شۆڕشگێڕ، شاعیر، ئەدیب و هونەرمەندانە دەکەینەوە کە ناسنامەی پایتەختی ڕۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانییان بە سلێمانی بەخشی.

سەرۆکی یەکێتی ڕایشیگەیاند: مێژوو سەلماندوویەتی کە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نابێت، شایستەترین وەفاداری بۆ قوربانیدانی ئەم شارە و خەڵکەکەی، وتنەوەی قسە و دروشم نییە لە دوورەوە، بەڵکو کارکردنی کرداری، بووژانەوەی ئابووری و گەیاندنی زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە بە هەموو گەڕەک و کۆڵانێکی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی بەردەوامیی داکۆکیکردن لە شارەکەی دا و وتی: بەڵێنمان بۆ سلێمانی و خەڵکە سەربەرزەکەی ئەوەیە کە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و مافەکانیان دەبین، ڕێگە نادەین هیچ نادادییەک بەرامبەر ئەم شارە بکرێت و کاروانی گەشەپێدانی سلێمانی بەرەو لووتکە دەبەین.


AM:09:40:14/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت