پایتەختی ڕۆشنبیری یادی لەدایکبوونی دەکاتەوە
وێستگەنیوز - فیردەوس دڵشاد
ئەمڕۆ شەممە 14ـەی تشرینی دووەم، 242 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت؛ ئەو شارەی لە ساڵی 1784 لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان بناغەی دانرا و لە ماوەی زیاتر لە دوو سەدەدا، بووە پایتەختی ڕۆشنبیری، مەڵبەندی ئەدەب و پێشەنگی خەباتی مەدەنی لە کوردستاندا.
لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784، ئیبراهیم پاشای بابان پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستەوە بۆ شوێنی ئێستای سلێمانی و بە ناوی سلێمان پاشای باوکیەوە ناوی نا سلێمانی، هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، شارەکە لەسەر بنەمای ئاوەدانی، بازرگانی، خوێندەواری و فرەڕەنگی گەشەی کرد.
سلێمانی لانکەی دەیان شاعیر، ئەدیب و بیرمەندی مەزنی وەک (نالی، سالم، کوردی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، شێرکۆ بێکەس و هتد) بووە؛ هاوکات یەکەمین چاپخانە، دەستپێکی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ناوخۆ و قوتابخانەی مۆدێرن لەم شارەدا سەریان هەڵدا. لەسەر ئەم بنەمایەش، لە ساڵی 2011 بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان نازناوی فەرمیی پایتەختی ڕۆشنبیری پێبەخشرا و دواتریش لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە وەک "شاری ئەدەبی جیهانی" ناسێنرا.
بە درێژایی 242 ساڵی ڕابردوو، سلێمانی شانبەشانی شارەکانی دیکەی کوردستان، ڕووبەڕووی چەندین قۆناغی سەختی مێژوویی، شەڕ، بۆردومان و قەیرانی ئابووری بووەتەوە، بەڵام بەردەوام تایبەتمەندیی خۆی وەک ناوەندێکی زیندووی ئازادیی بیروڕا، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و ئاشتیپارێزی پاراستووە.
بڕیارە ئەمڕۆ بە بۆنەی یادی 242 ساڵەی دامەزراندنی شارەکەوە، چەندین چالاکیی کولتووری، هونەری، پێشانگای شێوەکاری و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر لە شوێنە دێرین و گشتییەکانی سلێمانیدا بەڕێوەبچێت.
AM:07:42:14/11/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت