قوباد تاڵەبانی: ناچینە ئەم پەرلەمانەی بەمشێوەیە سەپێنراوە و با کاک مەسعود بێتە دەباشان

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ناچنە ئەم پەرلەمانەی کە بەمشێوەیە دروستبووە و سەپێنراوە، جەختیشی کردەوە، "بە مەرج و هەڕەشە لەگەڵ کەس دانانیشین".


ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لە پەرلەمان روویدا گەورەترین بێڕێزی بوو بە خودی پەرلەمان"، راشیگەیاند، "گەورەترین مەترسییە بۆ سەر پەرلەمانتار کاتێک دەنگی خۆیان دەگۆڕن و مەترسیی متمانە بە پەرلەمانتار دروست بووە".

سەبارەت بە پرسی حوکمڕانی و حکومەتیش، قوباد تاڵەبانی وتی، "یاریکردن بە حوکمڕانی هەڵەیە و سیستەم بەستراوەتەوە بە شەخس، بۆیە باوەڕم بە هاوسەنگییە و دژی تاکڕەویم". جەختیشی کردەوە کە ئەم حکومەتە دوو ساڵە کاربەڕێکەرە و ئیشی ئەنجومەنی وەزیران نییە تەداخولی سیاسەت بکات، بۆیە پێویستە گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا بکرێت.

پەیوەست بە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو لە نێوانیاندا بکرێت لایەنێک تێکیدا و لەگەڵ پارتی نەیانتوانیوە چوارچێوەیەک بۆ ناکۆکییەکانیان دابنێن، بەڵام وتیشی، "یەکێتی و پارتی دوو حزبی جیاوازن، ئاساییە ناکۆکی لەنێوانیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای دانوستان و گفتوگۆمان دانەخستووە". روونیشیکردەوە کە هیچ پەیامێکیان لە کەسەوە پێنەگەیشتووە و لە میدیاوە وەڵام نادەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، چۆن مام جەلال لە سەروبەندی کێشەکانی یەکێتی و پارتی (شەڕی ناوخۆ)ـدا برا گەورەیی خۆی نواند و سەردانی کاک مەسعودی کرد، ئاواش دەباشان ماڵی هەمووانە و با کاک مەسعود بێتە ئەوێ بۆ لای کاک بافڵ بۆ گفتوگۆ. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بەپێی ئەو نامانەی گۆڕیومانەتەوە کاکم کۆبوونەوەکانی لە بەغدا باش بوون"، وتیشی، "پارتی ویستی ئیدارەی خۆی فەرز بکات بەسەر دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیدا، بەڵام شکست دەهێنێت".

سەبارەت بە دۆخی ئیداری و خزمەتگوزارییەکان، قوباد تاڵەبانی وتی، "لە ئێوە دەپرسم لەناو جەرگەی یەک ئیدارە بازگە هەیە؟ بەڵکو ئێستا دووئیدارەییە و هەبووە، پێش دانیشتنەکەی پەرلەمانیش دوو ئیدارەمان هەبووە". هەروەها جەختی کردەوە، "خۆم لە سەرۆکی حکومەت بە کوردتر دەزانم و هەولێر تاپۆی کەس نییە"، ئاماژەی بەوەش دا کە ئاستی خزمەتگوزاریی شارەکان جیاوازن و ئەمەش جێی قبووڵ نییە، موعاناتەکانی سنووری سلێمانی زۆر زۆرە و لە هەولێر جواب نەدەدرانەوە.

وتیشی، "یەکڕیزییەکمان دەوێت کە خزمەت بە خەڵک بکات" و "کاتی شڵەقاندنی گۆمەکەیە"، جەختیشی کردەوە کە لەگەڵ ئەوەدان سووتەمەنی و کارەبا و مووچە بە رێگەیەکی ئاسان و هەرزان بگاتە دەستی هاوڵاتیانیان، هەروەها "ناکرێت چەمچەماڵ سەرچاوەی وزەی ئەم هەرێمە بێت و بێ ئاو بێت".

لە لایەکی دیکەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک میدیا زۆر نابەرپرسانە باسی سلێمانی دەکەن"، جەختیشی کردەوە، "سلێمانی ئارامە و بیر و بۆچوونە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە، ئێمە دەمانەوێت خەڵک ئازاد بن نەک لەژێر ترس کاربکەن".


PM:01:33:13/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو