وەزارەتی دادی عێراق بۆ وێستگەنیوز: دەستمان كردووە بە وەرگرتنی سكاڵا و داواكارى كوردە فەیلییەكان

‌

وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاندووە دەستیان كردووە بە وەرگرتنی سكاڵا و داواكارى كوردە فەیلییەكان.


موراد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەپێی راسپاردەكانی خالد شوانی وەزیری دادی عێراق تایبەت بە كردنەوەی بەشێكی تایبەتمەند بە پێشوازی لە سكاڵاو داواكاری كوردە فەیلییەكان، ئەو بەشە دەستی بە كارەكانی كرد و پێشوازی لە كوردە فەیلییەكان و سكاڵاو داواكارییەكانیان دەكات".

وتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ پتەوكردنی گرنگیدانە بە كوردە فەیلییەكان كە رووبەڕووی سیاسەتی چەوساندنەوە و بێ‌ بەشكردن بوونەتەوە لە سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعس".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق باسی لەوەشكرد بۆ وێستگەنیوز، "ئیش لەسەر كاروبارەكانی كوردە فەیلییەكان دەكەین و وەڵامی داواكارییەكانیان دەدەینەوە لە رێگەی دیراسەكردنی داواكاری و سكاڵاكانیان و خستنەڕووی بۆ وەزیری داد بەشێوەیەكی راستەوخۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەركردنیان".


PM:12:41:13/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت