قوباد تاڵەبانی: دەبێت دەسەڵاتی تاکە کەسی کۆتایی پێبهێنرێت و بڕیار ببێتە دامەزراوەیی
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی ستراتیژی سلێمانیدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "من بە شەرمەوە قسە لەسەر ئاگربەستی واشنتۆن لە نێوان پارتی و یەکێتی دەکەم"، جەختیشی کردەوە کە کێشەکانی نێوان هەردوو لایەن لە بناغەوە بنبڕ نەکراون.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، "شێوازی حوکمکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوتا نییە لەگەڵ خەڵک، دەبێت دەسەڵاتی تاکە کەسی کۆتایی پێبهێنرێت"، وتیشی کە ئەم قەیرانە شتێک نییە چارەسەر نەکرێت و دەبێت بڕیار لە تاکڕەوییەوە بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیی، چونکە دەسەڵاتەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە سنووردار کرابوون.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "من هاوڕای پەیامەکەی تۆم باراکم کە دەڵێت کۆتایی پێ بهێنن، ئێمە بە شێوەیەکی راستەقینە و دامەزراوەیی کۆتایی پێدەهێنین و پێکەنینی ساختە و پێکەوەیی ناکەین".
سەبارەت بە دۆخی پەرلەمانیش رایگەیاند، "ئەوەی لە پەرلەمان روویدا شەرمەزاریی بوو، پەرلەمانتارەکان هەڕەشەیان لێکرا تا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کارەسات بەسەر پرۆسەی دیموکراسیدا هات".
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆڕبەندەکە، قوباد تاڵەبانی باسی لە پرسی ئابووری و سەرمایەگوزاری کرد و رایگەیاند، "دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنین تا سلێمانی فراوان بکەین، لێرە کاری سەرمایەگوزاری زۆر ئاسانکاری بۆ دەکرێت و ئەمریکییەکان دەتوانن بێنە سلێمانی و کاری سەرمایەگوزاری بکەن"، هاوکات شانازیی خۆی دەربڕی بەوەی کە سلێمانی دەبێتە پایتەختی داهێنان.
هەروەها جەختی کردەوە، کوردستان باوەڕی وایە دەبێت هەمووان بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی ئابووریدا، وتیشی، "ئێمە سەرچاوەی سروشتیی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە و هەموو کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوەکان". ئاماژەی بەوەش کرد، "چاڵینجی هەموو کەسێک دەکەم کێ هەیە لە ئێمە وەکو کورد و کوردستان جوانتر؟ نەک سلێمانی، بزانە دهۆک و هەر ناوچەیەکی دیکەی کوردستان چەند جوانە".
AM:11:29:13/11/2026
ئهم بابهته 152
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت