حەلبووسی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە 'خیانەت' ناودەبات
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە هەڵوێستێکی تونددا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە درۆنەکە لە سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکان لە خورماتوو هەڵدراوە و ئەو کارەشی بە "خیانەت لە دەوڵەت" وەسف کرد، هاوکات داوای کرد دەستبەجێ فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سنوورە رەوانەی دادگەی سەربازی بکرێن.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لیژنەی ئاسایش و بەرگری، کە رۆژی چوارشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، سەرۆکی پەرلەمان رەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی دەزگا ئەمنییەکان گرت و روونیکردەوە کە شوێنی جوگرافیی هەڵدانی درۆنەکە زاندراوە و ناکرێت دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا نەبێت.
پەلامارە درۆنییەکە کە کاتژمێر 23:10ی شەوی یەکشەممە 8ی ئەم مانگە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بووە هۆی راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی گاز و کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێم.
بەپێی داتاکانی روانگەی ئیکۆ عێراق، زیانی رۆژانەی راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە زیاتر لە 4.15 ملیۆن دۆلارە لە بەرهەمی گازی سروشتی و ماڵان و کۆندێنسێت، لە لایەکی دیکەشەوە مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پەترۆلیۆم رایگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکەوە 10 ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق و هەرێم بێ کارەبا بوون.
سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە پێکهێنانی لیژنەی نوێ سوودی هەبێت دوای ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەگەڵ هەرێم دەرکرد، حەلبووسی داوای کرد ناوی فەرماندەی لیوا و فیرقەکانی ئەو ناوچەیەی رادەست بکرێت تا رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرنەبەر و رووبەڕووی دادگەی سەربازی بکرێنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، باسم بەدری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026 لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، گومانی لە تێوەگلانی گروپە چەکدارەکان لە هێرشەکە دروستکرد و هەڵدانی درۆنەکەی لە خورماتووەوە بە "زانیاریی میدیایی و ناڕاست" ناوبرد. بەدری ئاماژەی بە بوونی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و وتی رەنگە هێرشەکە لەلایەن لایەنێکی کوردی یان لایەنێکی دەرەکییەوە کرابێت نەک گروپەکان، بەڵام ئاشکراکردنی زانیارییە وردەکانی بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێهێشتووە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، هەیبەت حەلبووسی پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری جرف سەخر (جورف نەسر) لە پارێزگای بابل لادا؛ بەگوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگریی نهێنیی 19 لاپەڕەیی کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستووە، تۆڕێکی رێکخراو لەژێر چەتری گروپە چەکدارەکاندا لە ساڵی 2021ـەوە تا ناوەڕاستی 2026 بەبێ پچڕان نەوتیان بەقاچاخ بردووە و زیانی گەورەیان لە سامانی گشتی داوە.
سەرۆکی پەرلەمان هێرشی توندی کردە سەر وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای هێڵ و بۆرییەکان کە سەرەڕای بوونی هەستەوەری ئەلیکترۆنی کەمتەرخەم بوون لە ئاست کونکردنی بۆرییەکان، هاوکات پرسیاری لە بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەکان کرد بەرامبەر تێپەڕبوونی تانکەرە قاچاخەکان و بوونی داتای قاچاخچێتی لە دەروازەکانی هەرێمەوە بە رێگەی ئێران بۆ ئەفغانستان.
PM:12:24:12/11/2026
ئهم بابهته 32
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت