کەی نەوتەکەی عێراق دەگاتە هەرێمی کوردستان؟

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

ڕێکار و ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی نەوتی سپی دەستیان پێکردووە و بڕیارە لە 10 ڕۆژی داهاتوودا بەغدا نەوتی سپی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، کە 
نەوتەکە بڕی 200 لیترە، بە 62 هەزار دینار دابەش دەکرێت

بەپێی بەدواداچوونەکانی وێستگەنیوز، ڕێكار و ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی نەوتی سپی لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، بەلایەنی کەم لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا نەوتەکە ڕەوانە دەكرێت و دوای گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە بۆ هەرێمی کوردستان، لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

لە سنوری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرەتا نەوت لەو ناوچانە دەستپێدەکات و لەوبارەیەوە، عەبدولحەمید حەمەدەمین، بەرپرسی بەرهەمە نەوتییەکان و گاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران رایگەیاندووە، ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنی نەوت کردووە و کۆبونیشیان ئامادەیە تاوەکوو دابەشی بکەن، ساڵانە یەکەم شوێنیش نەوت لە حاجی ئۆمەرانەوە دابەش دەکەن، دواتر لە ناوچەی سیدەکان و سەرجەم ئەو شوێنە سەختانەی کە بەفریان لێ دەبارێت.

هەروەها سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە وێستگەنیوزی وت، چاوەڕێی گەیشتنی نەوتەکە دەکەین، ئامادەکارییمان بۆ دابەشکردنی کردووە و لیژنەی دابەشکردنیشمان داناوە، بەپێی پلانانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرەتا نەوتەکە لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانەوە دەست پێدەکرێت، دواتر دەگاتە سەنتەری شارەکان.

وتیشی، ساڵانە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، پێویستییان بە 110 ملیۆن لیتر هەیە تاوەکو هەر خێزانێک بە پێی فۆرمی خۆراک بەرمیلێک نەوت وەردەگرێت.

 لەلایەکی دیکەوە، کارزان ڕەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بەوێستگەنیوزی وت، لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکە یەکسەر دابەش دەکرێت چونکە پلانی ئامادەکاریمان داناوە، قۆناغی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش دەکرێت و قۆناغی دووەم لە سەنتەری شارەکان، بۆ سنووری پارێزگای دهۆک پێویستیمان بە 58 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە هەژمارکردنی 200 لیتر نەوت بۆ هەر خێزانێک، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی هەیە، ئەو بڕەی بڕیارە لەلایەن بەغداوە بنێردرێت تەنیا بەشی 18٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە؛ ڕێککەوتی 5ـی 11ـی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.


PM:04:08:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت