ئەنجومەنی وەزیران: داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکەین بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتیی دەکەن کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەت بدەن. دەشڵێت: ئەگەر هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە و تێیدا پێشوازیی و پشتیوانی بۆ بانگەوازەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، داواشی لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کرد.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوە دا کە لە گفتوگۆکانیدا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە كردووە.

ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لەسەر بنەمای ئەو لەیەکتێگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027 بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی مووچە و شایستە دارایییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێشکەش کرد، کە بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان. هەروەها باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کەمبوونەوەی کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە نەوتی ڕەش و دیزل و کارۆئاوی و فلێر گاز کار دەکەن.

پاشان وەزیری ناوخۆ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهنێراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەت: "ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر کۆرمۆر شەرمەزار دەکات کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان و عێراقە و مەبەستی زيانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پێویستە کۆتایی بەم هێرشانە بهێنرێت”.


PM:02:23:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 36 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت