نێردەی ترەمپ: بارزانی و تاڵەبانی هاوڕێی زۆر باشی ئەمریکا بوون

‌

وێستگەنیوز-

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سوریا لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند کە بارزانی و تاڵەبانی هاوڕێی زۆر باشی ئەمریکا بوون، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان یەکگرتووە.


تۆم باراک ئاماژەی بە ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرد و وتی: "بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان و بەغداش بێزار بوون لەو کێشانەی هەن، هەروەها عێراقیش لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بێزار بووە"، بەڵام لە هەمان کاتدا روونیکردەوە کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەستدایە و دەتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، نێردەکەی ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت رووبەڕووی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ببنەوە، هاوکات هۆشداریشی دا کە ئەمریکا هەتا هەتایە نابێتە گەرەنتی ئاسایشی عێراق و پێویستە یەکڕیزی و ئاشتی لە وڵاتەکەدا بەرقەرار بێت، وتیشی: "ئێمە لە عێراق میوان بووین و ئەمریکا دەیەوێت وانە لە رابردوو وەربگرێت".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا کە پەیوەست بوو بە دۆخی ناوچەکە و پرسی ئێران، باراک رایگەیاند کە پێویستە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بەردەوام بن، ئێرانیش گەرووی هورمز وەکو بارمتە بەکاردەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وتی: "کەسمان هێرشی سەربازیمان بۆ سەر ئێران ناوێت".

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند کە تاوەکو 2 ساڵی دیکە دۆناڵد ترەمپ کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات.


PM:01:48:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت