عومەر گوڵپی بۆ وێستگەنیوز: ڕۆژانە 6 هەزار بەرمیل نەوتی سپی بەرهەم دێت
وێستگەنیوز – محەمەد فاتیح
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ڕۆژانە بڕێکی زۆر نەوتی سپیی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و کۆی بەرهەمی ئەمساڵ نزیک دەبێتەوە لە 1.8 ملیۆن بەرمیل، کەچی لە بری دابەشکردنی، بە نرخی بازرگانی و بە 330 هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێتەوە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند: ئەو نەوتەی ڕۆژانە دەپاڵێورێت کە بە فەرمی 50 هەزار بەرمیل و بە نافەرمی 90 هەزار بەرمیلە، کاتێک دەچێتە پاڵاوگەکان، بەنزین، گاز، قیر، هەندێک مەوادی تر و نەوتی سپیی ماڵانی لێ بەرهەم دەهێنرێت؛ پرسیار ئەوەیە ئەو نەوتە سپییە چی لێدەکەن؟.
وتیشی: ساڵی ڕابردوو بەرمیلێک نەوتیان بە 105 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کرد، بەڵام ئەمساڵ ئەوەش دیار نییە و دابەش نەکراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ وێستگەنیوز تیشکی خستەسەر قەبارەی بەرهەمهێنان و وتی: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، بەرهەمی نەوتی سپیی ماڵان لە هەرێم ڕۆژانە 6,000 بەرمیلە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا دەکاتە نزیکەی 1,800,000 بەرمیل، باشە بۆچی دابەشی ناکەن و بۆ کوێ دەچێت؟.
عومەر گوڵپی دووپاتیشیکردەوە: ئێستا هەزاران بەرمیل نەوت بە نرخی 330 هەزار دینار لە بازاڕدا هەیە؛ ئەم نەوتە لە ڕووسیا، ئیمارات و سعوودیەوە نایەت، بەڵکو نەوتی خەڵکی کوردستان و عێراقە، کەچی بە شێوازی بازرگانی بەسەر هاووڵاتییانی خۆیاندا ساغی دەکەنەوە.
PM:01:12:11/11/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت