وردەکاریی ساتەکانی پێش کوژرانی ئەحمەد عەلوانی لە بەیرووت
وێستگەنیوز- بابان عومەر
نووسینگەی راگەیاندنی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق، بە پشتبەستن بە داتای گەشتی فڕۆکەوانی و تۆماری کامێراکانی چاودێری، زانیاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتی گەیشتنی ناوبراو بۆ بەیرووت و ساتەکانی پێش کوژرانی بڵاوکردەوە، هاوکات داوا لە دەسەڵاتدارانی لوبنان دەکات ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، رۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2026، عەلوانی لە رێگەی گەشتی ژمارە (ME325)ی هێڵی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە فڕۆکەیەکی جۆری (ئێرباس A320 و بە تۆماری OD-MRN) لە هەولێرەوە بەرەو بەیرووت بەڕێکەوتووە و لە کاتژمێر 16:41 خولەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری نیشتووەتەوە.
تۆماری کامێراکانی چاودێری ئەوە دەردەخەن کە کاتژمێر 16:55 خولەک، واتە تەنیا 14 خولەک دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەی عەلوانی، چەند کەسێک ئەو شوقەیەیان جێهێشتووە کە رووداوەکەی تێدا روویداوە، ئەمەش گومانی دروستکردووە کە پێشوەختە زانیارییان لەبارەی گەیشتنی ناوبراوەوە هەبووبێت.
نووسینگەکەی ئاماژەی بەوەش کردووە، عەلوانی نزیکەی کاتژمێر 17:15 خولەک فڕۆکەخانەی بەجێهێشتووە، بەڵام کاتی راستەقینەی گەیشتنی بۆ شوێنی مانەوەی هێشتا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە، هاوکات ئەوەشیان رەتکردووەتەوە کە لە هیچ هۆتێلێک مابێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوایین پەیوەندیی تۆمارکراو لەگەڵ ئەحمەد عەلوانی کاتژمێر 21:05 خولەکی شەو بووە و بۆ ماوەی 2 خولەک و 30 چرکە بەردەوام بووە، تێیدا ئاگاداری کردوونەتەوە کە گەیشتووەتە شوێنی مانەوەی. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەگەری هەیە کەسانی گومانلێکراو نزیکەی کاتژمێر 23:00 گەڕابنەوە ناو باڵەخانەکە و لە تۆماری کامێراکاندا دەرکەوتووە کە کاتژمێر 23:57 خولەک باڵەخانەکەیان بەجێهێشتووە.
نووسینگەی عەلوانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاتی دەرچوونی ئەو کەسانە بەڵگە نییە بۆ کاتی وردی ئەنجامدانی تاوانەکە، بەڵکو ئەو پرسە لە پسپۆڕیی پزیشکی دادوەری و لێکۆڵینەوەی تاوانکارییە.
نووسینگەکە داوای لە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی لوبنان کردووە (بەتایبەت هۆبەی زانیاری و داواکاری گشتی) ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە بینراون، هەروەها پشکنین بۆ کامێراکانی فڕۆکەخانە، باڵەخانەکە و رێگەکانی دەوروبەری بکەن بۆ زانینی هۆکاری گواستنەوەی لە فڕۆکەخانەوە و دۆزینەوەی سەرجەم تێوەگلاوانی تاوانەکە. هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق، وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت کراوە بەدواداچوونی راستەوخۆیان هەبێت.
پێشتر سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەحمەد عەلوانی ماوەی 4 رۆژ بوو لە بەیرووت بێسەروشوێن ببوو، دواتر ئێوارەی سێشەممە میدیای فەرمیی لوبنان دۆزینەوەی تەرمەکەی لەناو شوقەیەکدا لە گەڕەکی (تەریق جەدیدە) لە بەیرووت راگەیاند.
ئێستاش دادوەر ئەحمەد رامی حاج، داواکاری گشتیی دادگای پێداچوونەوەی لوبنان چاودێری و سەرپەرشتیی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانە دەکات کە لەلایەن هۆبەی زانیاریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەچن. هەروەها بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەکە، بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەو 5 چەکدارەی حیزبوڵڵاش دەکرێت کە دەستبەسەر کراون.
ئەحمەد عەلوانی کێیە؟
لە 27ی نیسانی 1969 لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لەدایکبووە.
پێشتر پەرلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی ئابووری بووە لە پەرلەمانی عێراق.
لە ساڵی 2013 یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی ناوچە سوننەنشینەکان.
لە کۆتایی هەمان ساڵدا دوای گەمارۆدانی ماڵەکەی دەستگیرکرا، دواتریش لە ساڵی 2014 سزای لەسێدارەدان و 5 سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
لە نیسانی 2025 و دوای نزیکەی 12 ساڵ مانەوە لە زینداندا ئازاد کرا.
PM:12:29:11/11/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت