ئەندامێکی لیژنەی دارایی: رەنگە پشکی هەرێم بۆ 11 تریلیۆن دینار داببەزێت و مووچە رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی بودجەی 217 تریلیۆن دیناریی عێراق دەگاتە نزیکەی 6%، کە بە نزیکەی 12 تریلیۆن و 800 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت، بەڵام بەهۆی بەستنەوەی بە خەرجیی فیعلییەوە مەترسیی کەمبوونەوەی لەسەرە.


لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فەرمیی عێراق، ئیخلاس دلێمی رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی کە لە واقیعدا خەرج دەکرێت کەمتر دەبێت لەو بڕەی دیاریکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێژەی خەرجیی فیعلی (راستەقینە) لە نێوان 80% بۆ 90%ـدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دابەزینەی خەرجیی فیعلی رەنگە پشکی تەرخانکراوی هەرێم بۆ نزیکەی 11 تریلیۆن دینار داببەزێنێت، کە ئەمەش لێکەوتەی نەرێنیی دەبێت و مەترسی لەسەر بەردەوامیی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژە وەبەرهێنانەکان دروست دەکات.

سەبارەت بە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، دلێمی جەختی کردەوە کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەردەوامە بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە تەمویل و پارەدارکردن، تاوەکو پابەندییە داراییەکان دەستەبەر بکرێن و رێگری لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر شایستە و بەشەبودجەی هەرێم بکرێت.

دۆسیەی بودجە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێی سیاسییەوە بەردەوام روبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە؛ لە هەمان کاتدا رۆژی دووشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند کە لەگەڵ زەیدی گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.


PM:12:03:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت