بەبێ ئامادەبوونی وەزیرەکانی یەکێتی؛ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر بودجە و کۆرمۆر کۆدەبێتەوە

‌

وێستگەنیوزـ فیردەوس دڵشاد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە؛ ئەم کۆبوونەوەیە بەبێ بەشداریی تیمی وزاریی یەکێتی بەڕێوەدەچێت و تێیدا ئەنجامی سەردانەکەی بەغدا لەبارەی مووچە و بودجە، لەگەڵ لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر تاوتوێ دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـەی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. 

دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسیی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت، بەو پێیەی دوای بڕیاری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت، بۆ یەکەمجارە ئەنجومەنی وەزیران بەبێ ئامادەبوونی وەزیرەکانی سەر بە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.

لە تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی ئەنجامی سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەخاتەڕوو، کە تایبەت بوو بە دۆسیەکانی مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوت و بەشەبودجەی هەرێم. 

هاوکات بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا دەدرێت سەبارەت بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی لێکەوتە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و دروستبوونی گرفتی کەمیی غاز لە شارەکانی هەرێمدا.


AM:09:15:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت