دڵشاد ئەنوەر: ناکۆکیی پارتی و یەکێتی لە لوتکەدایە

‌

وێستگەنیوز – فیردەوس دڵشاد

ڕۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر لە شیکارییەکدا لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ململانێی پارتی و یەکێتی گەیشتووەتە لوتکە و دوو ئیدارەیی ناڕاگەیەندراو خەریکە دەبێتە فەرمی، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی کە بەغدا لە دۆسیەی بودجەدا بەڵێنی دژبەیەک بە هەولێر و سلێمانی دەدات و یاری بە هاوکێشەکە دەکات.


ڕۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر، لە نووسینێکدا لەژێر ناونیشانی دوو ئیدارەیی و ناکۆکی چەند ڕەهەندێکی مەترسیداری ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات: ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی لە لوتکەدایە، بەڵام هێشتا ئایندەی ئەم ناکۆکییانە ڕوون نییە کە ئایا سەردەکێشێت بۆ دوو ئیدارەیی یان فشاری دەرەکی پێکەوە لەحیمیان دەکاتەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: دوو ئیدارەیی ڕانەگەیەندراو هەر هەبووە و ماوەی زیاتر لە 1 ساڵە لە ڕووی داراییەوە دابڕاون لە یەکتری، بەڵام ئێستا خەریکە دەبێتە دوو ئیدارەیی ڕاگەیەندراو؛ بە جۆرێک یەکێتی هەموو پۆستدارە حکومییەکانی کێشاوەتەوە و دامودەزگاکانی زۆنی سەوزی ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر هیچ نووسراوێک بۆ هەولێر نەکەن، هەروەها هەیکەلێکی ئیداری لە سلێمانی بۆ ڕاییکردنی کاروبارە حکومییەکان پێکدەهێنرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی عێراق، دڵشاد ئەنوەر ئاشکرای دەکات: یەکێتی داوای ناردنی بودجەی جیای بۆ زۆنی سەوز لە بەغدا کردووە، مەسرور بارزانیش داوای کردووە بودجەی هەموو هەرێم بۆ هەولێر ڕەوانە بکرێت؛ لە بەرامبەردا بەغدا بەڵێنی ناردنی بودجەی هەرێمی بە بارزانی داوە و وەعدی بودجەی جیاییشی بە سلێمانی داوە، بۆیە ڕەنگە بەغدا لەو نێوەندەدا یاری بکات.

لە تەوەرێکی دیکەدا، ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتی بڕیاری داوە بە هیچ جۆرێک نەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، مەگەر لە ڕێگەی ڕێککەوتنی نوێ و دەرکردنی ئەو پەرلەمانتارانەی لە بڕیاری حیزب لایانداوە، ئەمەش بۆ پارتی قورسە.

هاوکات یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای یاساییان لەسەر دانیشتنەکەی پەرلەمان تۆمار کردووە بە پاساوی ئەوەی "دانیشتنەکە نایاسایی بووە و سەرۆکی تەمەن بەڕێوەی نەبردووە و دیوانی پەرلەمانیش ڕۆڵی تێدا نەبووە".

لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشبینی دەکات کە ڕەنگە ڕێکارەکانی دادگای فیدراڵی هەنگاوەکانی پەرلەمان ڕابگرێت و ئەنجامەکەشی بە نادیاری بمێنێتەوە، بەجۆرێک هاوکێشە سیاسییەکان بباتەوە چوارگۆشەی یەکەم.


AM:09:14:11/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت