پشت پەردەی سەردانە نهێنییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران ئاشکرا کرا
وێستگەنیوز- بابان عومەر
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ناوەڕۆکی سەردانە نهێنی و رانەگەیەندراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ تارانی پایتەختی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئامانج لە هەنگاوەکە، نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان تاران و واشنتۆن بووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکەی روونیکردەوە، عێراق داوای ئاشتی دەکات چونکە دۆخەکە و ئاڵۆزییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابووریی عێراق دروستکردووە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە رۆڵی عێراق وەک نێوەندگیر لە ناوچەکەدا گرنگە و ئەم سەردانە هەوڵێک بووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە شەڕ.
پەیوەست بە هەمان پرس، یاسیر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە سەردانەکەی زەیدی بە شێوەیەکی نهێنی بووە و مەبەست لێی تاوتوێکردنی رێگاکانی کەمکردنەوەی گرژی و خاوکردنەوەی پشکۆی جەنگ بووە لە ناوچەکەدا.
هاوکات سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران، لەوانەش ئاژانسی "فارس"، بڵاویانکردەوە کە رۆژی هەینیی رابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانێکی چەند کاتژمێریی بۆ تاران ئەنجامداوە و لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانی کۆبووەتەوە و تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانیش کۆتاییهێنان بووە بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "تەسنیم" ئاشکرای کرد کە زەیدی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و قالیباف وەک سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەتەوە، بەڵام سەردانەکە نەگەیشتووەتە هیچ دەرئەنجامێک کە لایەنی ئەمریکی پێی رازی بێت.
سەردانە رانەگەیەندراوەکەی عەلی زەیدی بۆ ئێران لە 6ی ئەم مانگەدا لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "CSPAN" رایگەیاندووە کە لەگەڵ وڵاتانی سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرەین و کوەیت لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران قسەی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە پرسی کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران پەیوەستە بە پێشهاتەکانەوە و دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی پێبێت، یاخود بە پێچەوانەوە.
PM:03:38:10/11/2026
ئهم بابهته 252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت