یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی تانە لە شەرعییەتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان دەدەن
وێستگەنیوز- بابان عومەر
لە هەنگاوێکی نوێی پەرەسەندنی ململانێ سیاسی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە هاوبەشی پەنایان بردە بەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بەغدا و سکاڵایەکی یاساییان تۆمارکرد، بە ئامانجی تانەدان لە شەرعییەتی دانیشتنەکەی رۆژی 4ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیار و دەرئەنجامەکانی.
لەو بارەیەوە، هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: "نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی سکاڵایەکی هاوبەشیان لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکردووە، کە تێیدا تانە لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی رۆژی 4ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی کوردستان دەدەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکەن". ناوبراو ئاماژەی بە وردەکارییە تەکنیکییەکان نەکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان پووچەڵکردنەوەی رێکارەکانی ئەو دانیشتنەیە.
ئەو دانیشتنەی پەرلەمان لە 4ی ئەم مانگەدا، دوای چەندین مانگ لە چەقبەستوویی سیاسی و بەبێ رێککەوتنی پێشوەختەی لایەنە سەرەکییەکان ئەنجامدرا، کە تێیدا 52 پەرلەمانتار لە کۆی 100 پەرلەمانتار ئامادە بوون (زۆرینەیان فراکسیۆنی پارتی و کۆتاکان بوون)، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا و ڤالا فەرید بە سەرۆک، رامی نووری بە جێگری سەرۆک و مونا قەهوچی وەک سکرتێر دەستنیشانکران.
دانیشتنەکە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە فراکسیۆنەکانی یەکێتی (23 کورسی)، نەوەی نوێ (15 کورسی)، یەکگرتووی ئیسلامی (7 کورسی)، کۆمەڵی دادگەری و ژمارەیەک لایەنی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بایکۆتیان کرد و بەشداریکردنیان رەتکردەوە، بەو پێیەی کۆبوونەوەکە بەبێ سازانی نیشتمانی و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت ئەنجامدراوە.
لایەنە سکاڵاکارەکان پێیان وایە لە کۆبوونەوەکەدا پێشێلکاریی دەستووری و پەیڕەوی کراوە، بەتایبەت لە شێوازی تەواوکردنی نیسابی یاسایی و بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی دەسەڵاتی یاسادانان، هەربۆیە داوای راگرتنی رێکارەکان و پووچەڵکردنەوەی دانپێدانان بەو دەستەیە دەکەن.
لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانەکانی دووپاتی دەکەنەوە کە کۆبوونەوەکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و بە زۆرینەی رەهای (50+1) بەڕێوەچووە و هیچ ناڕێکییەکی یاسایی تێدا نەبووە، هەروەها هەنگاوەکەیان بە پێویست زانیوە بۆ رێگری لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت.
ئەم ناکۆکییە دادوەرییە لە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی ئەو دانیشتنەوە یەکێتی بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت دا، بەڵام لە ئێستادا دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی و هەڵوێستی ئەرێنیی پارتی، وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی دیالۆگ بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
PM:01:51:10/11/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت