مەسرور بارزانی: داوا لە لایەنەکان دەکەین بێنە پەرلەمان و لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بودجەداین
وێستگەنیوز- بابان عومەر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد لە رێگەی پەرلەمانەوە کێشەکان یەکلایی بکەنەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا پەرلەمانێکی کارامان هەیە و داوا دەکەین هەر لایەنێکی سیاسی کە خەمخۆری کوردستانە، بێت لە پەرلەمان گفتوگۆ بکات".
سەبارەت بە دۆخی دارایی و مافە داراییەکانی هەرێم، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە و وتی: "لەسەر بنەمای دەستوور قسەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و بەڵێنمان پێدراوە بۆ دابینکردنی مووچە". هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆم باراک پشتیوانی لە هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی باسی لە پرسی لافاوەکەی دوایی هەولێر کرد و وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان، رایگەیاند، بارانبارینی زۆر هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی لافاوەکە بووە، بەڵام قەیرانی دارایی بەشێک بووە لە کێشەکان. هەروەها وتی: "رەنگە ئەگەر رێنماییەکان جێبەجێ بکرێن زیانەکان کەمتر بن، لێکۆڵینەوەش لە هەر کەمتەرخەمییەک دەکرێت و هەوڵی جدی دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان".
لە بارەی دۆخی ئەمنی و هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد کە هەولێر و بەغدا هاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت ئەو جۆرە هێرشانە دووبارە ببنەوە و سەرکۆنەی دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.
AM:11:36:10/11/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت